کۆڕیادی ٣٣ی ساڵەی تیرۆرکردنی د.قاسملوو و هاوڕێیانی بەبەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکرات و نوێنەرانی ژمارەیەک لە حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان رۆژی شەممە ١٨ی پووشپەڕ بەرانبەر بە ٩ی جوولای ٢٠٢٢ لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوەچوو.
سەرەتای ئەم کۆڕیادە بە سرودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەستپێکرد و پاشان بەڕێز “نادر ئەمینی” بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووانی کۆڕیادەکە چەند وتەیەکی لەمەڕ تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی و هەروەها پێکهێنانی کۆڕیادەکە پێشکەش کرد.
لەم کۆڕیادەدا بەڕێز “مادح ئەحمەدی”، ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی لە ژێر ناوی “کەسایەتیی دوکتور قاسملوو وەک رێبەرێکی سیاسی” پێشکەش کرد.
مادح ئەحمەدی لەسەرەتای باسەکەیدا بەئاوڕدانەوە لە رۆڵی کاراکتەری رێبەر لە بزاوتە سیاسییەکاندا تیشکی خستە سەر کەسایەتیی و رۆڵی دوکتور قاسملوو لە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و رایگەیاند: دوکتور قاسملوو لە قۆناغێکی دژواردا رێبەرایەتی بزووتنەوەی میللی – دێموکراتیکی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەستۆ بوو کە ئەو کات دۆزی کورد بە قەرا ئێستا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و لە ناو رای گشتییدا نەناسرا بوو و هەروەها ئاستی وشیاری کۆمەڵگای کۆرستان و ئاستی گەشە و وشیاری نەتەوەیی بە قەرا ئێستا نەبوو”.
ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا لە دوو روانگەی تێۆری و ئەزموونییەوە قسەی لەسەر کەسایەتیی دوکتور قاسملوو وەک رێبەرێکی کاریزماتیک کرد.
مادح ئەحمەدی بە ئاماژە بە ئەزموون و روانگە و بەرهەمەکانی دوکتور قاسملوو وتی: ئەوەی کاراکتەر و کەسایەتیی دوکتور قاسملووی لە رێبەران و بەڕێوەبەرانی حیزبەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، روانگە، بەها و پرنسیپە سیاسییەکانی ئەم رێبەرە مەزنەیە کە بووەتە هۆی ئەوەی کاریگەرییەکانی لە دوای شەهیدبوونیشی لەسەر بزووتنەوەی سیاسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بێ.
ناوبراو لە کۆتایی باسەکەیدا بەئاماژە بەوەی کە تێچووی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی هەتا دێ زیاتر لەسەر کۆماری ئیسلامی قورسایی دروست دەکات وتی: دوکتور قاسملوو رێبەرێک نییە کە لە رابردوودا بێ و دوای شەهید بوونی کۆتایی پێ هاتبێ. بەپێچەوانەوە دوکتور قاسملوو، لە رێگای هزر و پرنسیپ و بەها سیاسییەکانییەوە، کاریگەرییەکانی لە ئێستا و داهاتووشدا وەک رێبەرێک بەردەوام دەبێ.
لە درێژەی کۆڕیادەکەدا بەڕێز” مەحموود بیرۆ”، بە نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) پەیامێکی پێشکەش کرد.
جێگای ئاماژەیە لەم کۆڕیادەدا ژمارەیەک حیزب و رێکخراوی سیاسیی پەیامیان بۆ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نوروێژ ناردبوو کە ناوەکانیان بریتی بوون لە: کۆمیتەی هاوکاریی حیزب و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان لە وڵاتی نۆروێژ، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.