کۆبوونەوەی ساڵانەی شوڕای ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بە بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی پووشپەڕ (٧ و ٨ی جولای ٢٠٢٢) شاری لە ژنێڤ لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو. لەو کۆبوونەوەیەدا مەولوود سوارە، ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزب لە ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست کە سەرپەرستیی شاندی حیزبی دەکرد، پەیامی خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی خوێندەوە.
“کارکردن بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئامانج و بنەماو ڕێسا هاوبەشەکان”، “بەهێزکردنی دێموکراسی و دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکان”، “چارەسەرکردنی قەیرانە جیهانییەکان- پەتا، گۆڕانی کەشوهەوا، ئابووری، کۆچ و پەنابەران”، “پەسەندکردنی بڕیارنامە و بەیاننامەکانی شوڕا” و “پلان بۆ کار و چالاکییەکانی داهاتوو” لەگەڵ چەند بابەتی ڕێکخراوەیی تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم کۆبوونەوەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست بوون.
لە رۆژی یەکەمی کاری کۆبوونەوەکەدا جۆرج پاپاندریۆف، سەرۆکی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست، لویس ئەیالا، سکرتێری ئەو ڕێکخراوەیە، و پێدرۆ سانچز سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا و سکرتێری گشتیی حیزبی کرێکارانی سۆسیالیستی ئەو وڵاتە وتاریان پێشکێش کرد و گۆشەنیگای جیاوازەوە ڕا و بۆچوونیان لەسەر وەزعی ئێستا و داهاتووی ئێس ئای و بەهێزتر کردنی زیاتری ئەم رێکخراوەیە لە داهاتوودا، پێشکەش کرد. پاشان لە بڕگەکانی دواتردا چەندین وتاری دیکە پێشکەش کران کە یەک لەوان وتاری بەرێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. وتاری سکرتێری گشتیی حیزب هەروەک لە سەرەتادا باس کرا لەلایەن مەولوود سوارە، ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزب لە ئینترناسیۆناڵی سۆسیالیست خوێندرایەوە.
شاندی حیزب لە پەراوێزی کارەکانی کۆبوونەوەکەشدا توانی لەگەڵ سەرۆک و سکرتێری ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست، سکرتێری گشتیی حیزبی کرێکارانی سۆسیالیست و سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، سکرتێری ژنان و لاوانی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست و هەروەها هەیئەتەکانی دیکەی حیزبەکانی بەشدار دیدار و چاوپێکەوتنی هەبێ. هەروەها لەو کۆبونەوە و چاوپێکەوتنانەدا وێرای پێشکەشکردنی وتاری سکرتێری حیزب، چەندین دێکیۆمێنتی سیاسی، ڕاپۆرتەکانی چاونیوز و ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمەڕ پرسەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران، نامیلەکەی موشەکبارانی کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بگەیەنێتە شاندەکانی بەرانبەر و لە ستاندی حیزبیشدا بیانخاتە بەر دەستی ئەندامانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە.
لەو کۆبوونەوەیەی شوڕای ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستدا حیزبە کوردییەکانی بەشدار لەبارەی بە هێزکردنی گرووپی کاری کوردان لە ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست وێڕای باس و دیاریکردنی کۆمەڵێک ڕێوشوینی نوێ بریاریان دا کە بەپێی هەلسەنگاندنی وەزعی ئێستای چوار پارچەی کوردستان، هەرکام بەجیا بڕیارنامەیەک ئامادە بکەن و بیدەن بە هەیئەتی بەرێوبەریی ئێس ئای. لە دوابڕگەی کاری کۆبوونەوەکەشدا کە بۆ هەڵسەنگاندن و پەسندکردنی بڕیانامەکان تەرخان کرابوو، بڕیارنامەی پێوەندیدار بە کوردستانی ئێران پەسند کرا. ئەو بڕیارنامەیە دەڵێ:
“ئێمە پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان و بزووتنەوەی مەدەنیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی بزووتنەوەی گەلی کورد بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەکەین. بە باوەری ئێمە باشترین ڕێگە بۆ تێپەڕین لە نەزۆکهێشتنەوەی هەڕەشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، پشتیوانیکردن لە بزووتنەوە مەدەنییەکانی خەڵکە بۆ گەیشتن بە مافە مرۆیی و دێموکراتیکەکانیان و دامەزراندنی ڕێژیمێکی دێموکراتیک لە ئێران کە لە ئاستی نێوخۆییدا لەلایەن خەڵکی فرەنەتەوەی ئەو وڵاتەوە شەرعییەت و ڕەوایی درابێتێ و، هاوکات لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا حکومەتێکی پابەند بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و هاوبەشێکی متمانە پێکراو بێت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.”
هەر لەو کۆبوونەوەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیستدا، لێژنەی ڕێبەریی شوڕا ڕەزامەندیی خۆی بۆ کاراکردنەوەی لێژنەی گرووپی کاری کوردان و هەروەها گرتنی کۆبوونەوەیەک بۆ ئەم مەبەستە و گرنگیپێدان بە پرسی کورد لە داهاتوودا دەربری.
لە دوابەشی کاری کۆبوونەوەدا بڕیار درا کە بیستوپێنجەمین کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست لە نۆڤامبری ساڵی ٢٠٢٢دا لە مادرید، پێتەختی وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوە بچێت.
شایانی باسە کە شاندێکی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سویس پێکهاتوو لە زاهیر قادرحاجی، بەرپرسی کۆمیتە؛ عەلی خزرنیا، بەرپرسی تشکیلات و هێژا نێعمانی بەرپرسی پێوەندییەکانی کۆمیتەی حیزب کە وڵاتی سویس هاوڕێیەتی مەولوود سوارە، نوێنەری حیزب بۆ کاروباری ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست لە کۆبوونەوەی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەیان کردبوو.