کۆمیتەی گشتیی تەشکیلاتی ئاشکرای حیز بی دێموکراتی کوردستان لە باشووری کوردستان، کۆبوونەوەیەکی سیاسی – تەشکیلاتی بۆ ئەندامانی حیزب لە شاری سلێمانی بەڕێوە برد.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، 17ی پووشپەڕی 1401ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە باشووری کوردستان لە سەر کۆمەڵێک باسی سیاسی و تەشکیلاتی، کۆبوونەوەیەکی بۆ بەشێک لە ئەندامانی حیزب، لە شاری سلێمانی پێکهێنا.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد، بەڕێز مستەفا مەولوودی، جێکری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند باسێکی تایبەتی سیاسی و تەشکیلاتیی پێشکەش کرد.
بەڕێزیان لە سەرەتای قسەکانیدا بە بۆنەی جێژنی پیرۆزی قوربانەوە، پیرۆزبایی لە ئامادەبوان کرد و پاشان بە بۆنەی نزیک بوونەوە لە 22ی پووشپەڕ، 33 ساڵەی تێرۆری شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزب و هاوڕێیانی لە ویەنی پێیتەختی ئوتریش بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، باسێکی کورتی لە سەر کەسایەتیی شەهید د. قاسملوو و کاریگەرییەکانی ئەم ڕێبەرە ناودارە لە سەر حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد بە گشتی پێشکەش کرد.
بەڕێز مەولوودی لەم پێوەندییەدا وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵ و تێفکرینەکانی شەهید پێشەوا قازی محەممەد، وەک دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان لە سەر حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد بە گشتی، پێی وابوو کە شەهید دوکتور قاسملوو لە بەرنامەڕێژیی بۆ خەباتی حیزبی دێموکرات و کاریگەرییەکانی لە شێوەی سیاسەت و بەڕێوەبردنی حیزب و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، شوێنەوار و قورسایی تایبەتی خۆی هەیە کە تا ئێستاش هزری ئەو ڕێبەرە مەزنە هەروا ڕێنوێن و ڕێنیشاندەری خەبات و تێکۆشانمانە.
کاک مستەفا مەولوودی لە درێژەی قسەکانیدا و هەر لە درێژەی باسەکەی لە سەر کەسایەتیی شەهید دوکتور قاسملوو و ڕوانینی ئەم ڕێبەرە شەهیدە بۆ جۆری کاریگەری لەسەر حیزب و تەشکیلاتی حیزب لە هاوکێشە سیاسییەکاندا، سەرنجی خستە سەر داهاتووی حیزبی دێموکرات و جۆری پێگە و قورسایی ئەم حیزبە لە سەر ئەگەر و پێشهاتە سیاسییەکانی داهاتو لە ئێران و کوردستاندا.
لەم سۆنگەیەوە جێگری سکرتێری گشتیی حیزب، باسی لە زەروورەتی یەکڕیزی و یەکێتیی تەشکیلاتی لە حیزبی دێموکراتدا کرد.
بەڕێزیان لە درێژەی باسەکەیاندا پەڕژایە سەر پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و لەم بارەوە کورتە باسێکی لە سەر پرۆسەی دیالۆگ و دانیشتنی نێوان هەردوو حیزبی دێموکرات و یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب و کاریگەرییەکانی یەکگرتنەوە لە سەر خەباتی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.
لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا بەڕێز مستەفا مەولوودی، ڕووبە ئەندامانی حیزب، باسی لەو ئەرک و بەرپرسایەتیگەلە کرد کە هەر ئەندامێکی حیزب پێویستە لە پێناو یەکێتی و یەکگرتوویی ڕیزەکانی حیزبدا خۆی لێی بە بەرپرسیار بزانێ.
لە بەشێکی دیکە و دوایین بەشی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز مەولوودی وڵامی پرسیار و تێبینیی بەشداربوانی دایەوە.