جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆوه‌یت گوتی بۆ سه‌قامگیرکردنی نرخی نه‌وت ته‌نیا رێگه فریزی نه‌وته. ئه‌و پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرت که بازاڕی نه‌وت ناتوانێ به‌رگه‌ی هه‌ڵکشانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له ئێران بگرێ، ئه‌وه له حاڵێک‌دایه که ئێران ده‌ڵێ ئاماده نابێ هاوکاریی وڵاتانی دیکه‌ی به‌رهه‌مهینی نه‌وت بکا.
خالید جێره‌ڵلا، بریکاری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆوه‌یت گوتی بازاڕی نه‌وتی جیهان له‌وه زیاتر هه‌ڵناگرێ‌و به‌رگه‌ی زێده ده‌رهێنانه‌کانی ئێران ناگرێ.
ئه‌و کاربه‌ده‌سته‌ی کۆوه‌یت ڕۆژی شه‌ممه له پرێس‌کۆنفڕانسێک‌دا له‌گه‌ڵ میدیاکانی وڵاته‌که‌ی به پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا ڕێگای رێگری له دابه‌زینی نرخی نه‌وت به‌رنامه‌ی فریزی نه‌وتییه، گوتی ئێران ده‌بێ ملکه‌چی قانوونه‌کانی بازاڕ بێ؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بازاڕ ناتوانێ ئه‌و ده‌رفه‌ته به یه‌کێک له به‌رهه‌مهێنه‌کان بدا ڕه‌وتی ده‌رهێنانی نه‌وتی خۆی له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا به که‌یفی خۆی بباته سه‌رێ.
خالید جێره‌ڵلا پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرت که له پرسی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت‌دا ” مافی هه‌ڵبژاردن” نییه‌و هه‌موو وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی نه‌وت ده‌بێ پێکه‌وه مل بۆ ته‌رحی فریزی نه‌وتی ڕاکێشن، چونکی ئه‌وه قازانجی هه‌موویانی تێدا به‌نده.
ئه‌و قسانه‌ی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆوه‌یت له حاڵێك دایه که کۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی ٢٩ ی خاکه‌لێوه‌ی ئه‌ندامانی ئۆپێک له دۆحه بۆ ساغبوونه‌وه له‌سه‌ر سه‌قامگیریی بازاڕی نه‌وت سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو.
بیژه‌ن نامدار زه‌نگه‌نه، وه‌زیری نه‌وتی ئێران گوتبووی وڵاته‌که‌ی به هیچ کلوجێک ئاماده نییه مل بۆ فریزی نه‌وتی ڕاکێشێ‌و ئه‌و ته‌رحه‌ی به گه‌مارۆی خۆویستانه ناوبردبوو.
به‌رهه‌مهێنانی زۆر زیاتر له ڕاده‌ی داوای نه‌وت له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا بۆته هۆی ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت هه‌تا یه‌ک له سێی دوو ساڵ له‌وه پێش له که‌می بدا. له هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا نرخی نه‌وت سه‌روو ١٠٠ دۆلار بوو، به‌ڵام تا ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی ڕابردوو بۆ خوار ٣٥ دۆلار له که‌می دا.
له ساڵه‌کانی نێوان ٢٠١٠ تا ٢٠١٤ که نرخی نه‌وت سه‌روو ١٠٠ دۆلار بوو، وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی نه‌وت قازانجێکی یه‌کجار زۆریان ده‌ست که‌وت. له ماوه‌ی ٨ ساڵ سه‌رۆک کۆماریی مه‌حموود ئه‌حمه‌دی‌نژاددا ئێران زیاتر له ٧٠٠ میلیارد دۆلاری داهات هه‌بوو.