ژنێكی لاو لە ئاوایی خانەگێ سەر بە شاری مەهاباد، بەهۆی كێشەی ڕووحی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بانەمەڕ ژنێكی لاوی تەمەن ٢٤ ساڵەی خەڵكی گوندی خانەگێ لە مەهاباد كە دایكی ٢ منداڵیش بوو، لە نێو ماڵی خۆیدا خۆی هەڵواسی و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە شەپۆلی خۆكوژییەكان لە شارە جۆربەجۆرەكانی كوردستان پەرەی سەندووە و ئەم ڕەوتە نیگەرانیی سەرهەڵدانی پەتای خۆكووژی بەدوای خۆیدا هێناوە. كارناسان، بێكاری، نەبوونی ژێرخانە ئابوورییەكان و فشاری دەروونی بە گرینگترین هۆكارەكانی خۆكووژی لە شارەكانی كوردستان دەزانن.
لە لایەكی دیكەوە سەرۆكی ڕێكخراوی پزیشكی قانوونیی ئێران باسی لە خۆكووژی ٤٠٢٠ كەس لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا كرد. ئەحمەد شوجاعی گوتی لە ساڵی ڕابردوودا لەنێو سەرجەم قوربانییانی خۆكووژی لە ئاستی ئێراندا ٢٨٨٧ كەس پیاو و ١١٣٣ كەسیش ژن بوون.