سەرۆكی گشتیی بیمەی ناوەندی لە كاردانەوە بە نیسبەت لەقاودرانی ئەم فیشانەی هەقدەست كە بە دەیان میلیۆن تمەنیان لەسەر نووسراوە و بە بەڕێوەبەرە پلە بەرزەكان دراوە، دەستی لە كار كێشایەوە و داوای لێبوردنی لە وەزیری ئابووری، كارگێڕانی پیشەسازیی بیمە و خەڵكی ئێران كرد.
هاوكات لەگەڵ لە هەڵڵا درانی مووچە نجوومی و ٨٠ میلیۆن تمەنییەكانی بەڕێوەبەرانی بیمەی ناوەندی، لە كەشی مەجازیدا باسێك لە بابەت جیاوازیی نێوان ئەم مووچە زۆر و زەوەندانە و مووچەی ٨١٢ هەزار تمەنیی ٧ میلیۆن كرێكاری ئەم وڵاتە هاتە ئاراوە و محەممەدئیبراهیم ئەمین، سەرۆكی بیمەی ناوەندیی ئێران لە نامەیەكدا ڕوو بە عەلی تەیب نیا، وەزیری كاروباری ئابووری و دارایی، دەست لە كار كێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.
لەم فیشانەدا دەبیندرێ كە ٣ بەڕێوەبەری پلەبەرز لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوودا بڕی ١٨٠ میلیۆن تمەنیان وەرگرتووە و كەسێكیش بەتاقی تەنیا ٨٧ میلیۆن تمەنی وەك هەقدەست پێ بڕاوە.
شایانی باسە بەپێی قانوونی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزارییەكانی ئێران، لانی زۆری مووچەی كارمەندانی دەوڵەت لە حاڵەتە نائاسییەكاندا لە هەر مانگ ١٠ میلیۆن تمەن دیاری كراوە.