ئەمریکا لە پلانێکی نوێدا لەگەڵ زیادکردنی ژمارەی هێزە دەریاییەکانی خۆی و هاوپەیمانانی، بە تەمایە لەسەر قاچاخی ماددەی هۆشبەر و چەکوچۆڵ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە زانیاری زیاتر کۆ بکاتەوە.
ڕۆژی دووشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ناوگانی پێنجەمی ئەمریکا ڕایگەیاند کە، هەرکەسێک لەسەر قاچاخی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا هەیە و زانیارییان پێ بگەیەنێ لەلایەن ئەمریکاوە خەڵات دەکرێ، تاران بێجگە لە قاچاخکردنی ماددەی هۆشبەر بۆ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا توانیویەتی لە ڕێگەی قاچاخەوە چەکوچۆڵێکی زۆر بۆ میلیشیا تێرۆریستەکانی لە ناوچە جیاوازەکان بنێرێ.
هەر لەو بارەیەوە ناوگانی پێنجەمی ئەمریکا و هێزە دەریاییە هاوپەیمانەکانیان، گەشتەکانی خۆیانیان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ی زایینی و نیوەی ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر کردووەتەوە و بەردەوام لەسەر جموجۆڵەکانی ڕێژیمی ئێران، چالاکییان هەیە و هەموو جووڵەیەکی ڕێژیمیان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە بۆ ئەوەی نەتوانێ ماددەی هۆشبەر و چەکوچۆڵ قاچاخ بکا و لەو ڕیگەیەوە بە شێوەیەکی بەرچاو میلیشیاکانی خۆی لە ناوچەکەدا پر چەک کردووە بۆ کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانە بە کاریان دێنێ، هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا توانیویانە دەست بەسەر چەندین کەشتیی هەڵگری چەکوچۆڵی قاچاخ و ماددەی هۆشبەردا بگرن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەرەو یەمەن نێردراوە.