پاش هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەرپرسی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێ: دەمانهەوەێ وڵامێکی توند و لێبڕاوانەی ڕێژیمی ئێران بدەینەوە.
ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە زیادکردنی هێرشە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نووسی: مایکێڵ کۆریلا، بەرپرسی بنکەی فەرماندەیی ئەمریکا” سێنتکام” دەڵێ: لە ئێستادا تەنیا دەمانهەوێ وڵامێکی خێرا و لێبڕاوانە بە چالاکییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران ومیلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وهاوپەیمانان بدەینەوە.
ناوبراو بەئاماژە بە ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی” ئێنبیسینیوز” بە ڕۆژنامەی “واشینگتۆن پۆست”ی ڕاگەیاندووە کە، ڕێژیمی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی لە چەند مانگی ڕابردوودا تا ئێستا ٢٩ هێرشی بێ وڵامیان بەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا جێبەجێ کردوە کە ئەو هێرشانەی ڕێژیمی ئێران پێویستی بە وڵامدانەوەیەکی خێرا و لێبڕاوانە هەیە.
بەرپرسی بنکەی فەرماندەیی ئەمریکا، هەروەها وتوویە کە، دەبێ ڕێژیمی ئێران ئەوە باش بزانێ کە هێرش کردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ناوچەکە وجیهاندا هەڵگری باجێکی قورسە.