یائیرلاپید لە یەکەم دانیشتنی کابینەی خۆیدا وەک سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جەختی لە سەر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕیژیمی ئێران و حیزبوڵای لوبنان کردەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، یائیرلاپید سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل، لە یەکەم دانیشتنی کابینەکەیدا ، باسی لە گرینگی پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی ئیسرائیل کردەوە و ڕایگەیاند کە ئێمە چڕتر لە جاران لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، حەماس و حیزبوڵا دا دەوەستینەوە و بەرەنگاری هەر چەشنە چالاکییەکی تێکدرانەیان لە ناوچەکەدا دەبینەوە.
ناوبراو ڕۆژێک دوای ئەوەی سێ درۆن کە لەلایەن حیزبوڵا بەرەو کۆمپانیای گازی کاریش، نێردرابوون تێکشکێنرا وتی: ئەو گرووپ و میلیشیایانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، ڕێگری لە ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی لوبنان و ئیسرائیل لە سەر دیاریکردنی سنووری دەریایی ئەو دوو وڵاتە دەکەن و جەختی لە سەر ئەوەش کردەوە کە حیزبوڵا لە سەر چالاکییە تیرۆریستییەکانی خۆی بەردەوامە و ئەوەش ڕێگرە لە ڕێککەوتنی دەریایی نێوان لوبنان و ئیسرائیل.