لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ـی زایینیدا لانیکەم سزای سێدارەی ٣٣ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران جێبەجێکراوە کە هەموویان پیاو بوون و ناسنامەی ٣٢ کەسیان ئاشکرا بووە.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لانیکەم ٣٣ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراون کە بە بەراورد لەگەڵ ئاماری ڕێکخراوی “مافی مرۆڤی ئێران” کە لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ٢٥١ بەندکراو لە ماوەی ئەو ٦ مانگەدا لە هەموو ئێران کردووە، دەرکەوتووە کە ١٣.٣لەسەدی کۆی ئەو بەندکراوانەی کە لەو ماوەیەدا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون بەندکراوی کورد بوون.
ڕاپۆرتی ئامارەکانی هەنگاو باسی لەوەش کرد کە سەرجەم ئەو بەندکراوانەی کە لە سێدارە دراون پیاو بوون و ناسنامەی ٣٢ کەسیان ئاشکرا بووە و تەنیا ناسنامەی یەکێکیان کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ سزاکەی جێبەجێکراوە ناڕوونە، زۆرترین ژمارەی لە سێدارەدان ٩ حاڵەت لە پارێزگای ورمێ تۆمارکراوە و لە پارێزگای سنە هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە، هەروەها زۆرترین بەندکراوەکان لە بەندیخانەکانی ورمێ بوون کە ٨ حاڵەتە، ئیلام و خوڕەمئاوا ٧ حاڵەت و کرماشان ٥ حاڵەت بووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتگەلی جیاوازی لە سێدارەی داون.