سێ سووتەمەنیبەری بەلووچ، بەهۆی وەرگەڕان و ئاگرتێبەربوونی ماشینەکەیانەوە لە سەراوانی بەلووچستان گیانیان لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بەهۆی ئاگرتێبەربوونی ماشینێکی سووتەمەنیبەر لە گوندی ئاسپیج سەر بە شاری سەراوان سێ سووتەمەنیبەری بەلووچ کە تا ئێستا ناسنامەکەیان ئاشکرا نەبووە گیانیان لەدەست دا.
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە، ماشینی ئەو سووتەمەنیبەرانە بێنزینی تێدا بووە کە پاش وەرگەڕان ئاگری تێبەر دەبێ و ئەو سێ سووتەمەنیبەرە گیانیان لەدەست دەدەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، لەماوەی ٦مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٨٧ سووتەمەنیبەری بەلووچ، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە گیانیان لەدەست داوە و کە لەو ئامارە سێ منداڵی تێدایە و هەروەها ٣١ سووتەمەنیبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و وەرگەڕانی ماشینەوە لەکاتی ڕاوەدوونانی هێزەکانی ڕێژیمدا بریندار بوون.