حوسێن تەبیبیفەر، جێگری نوێنەری خامنەیی لە سپا دەڵێ: دەبێ جۆرێک هێزەکانمان پەروەردە بکەین کە بێ دوودڵی و ترس ڕووبەڕووی دوژمنانی کۆماری ئیسلامیی ببنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی هەمشەهری، حوسێن تەبیبیفەر، جێگری نوێنەری عەلی خامنەیی، لە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەیە وتوویە کە، سپای پاسداران دەبێ هێزێک پەروەردە بکا کە بۆ بەرگری و پاراستنی دەسکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی، تەقە لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن و بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ دەستیان لەسەر پەلاپیتکەی چەکانیان بێ.
تەبیبیفەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێ: یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی نوێنەرانی وەلی فەقێ لە سپای پاسداراندا پێشگرتنە لە دزەکردنی مۆرەکانی دوژمن و هەروەها نوێنەرایەتی وەلی فەقێ ئیزن نادات باوەڕەکانی ئەو ڕێکخراوە سەربازییە خەوشدار بێ.
جێگەی ئاماژەیە کە دیاریکردنی تەبیبیفەر، وەکوو جێگری نوێنەری خامنەیی لە سپای تێرۆریستی پاسداراندا، پێش لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی و بە بڕیاری خامنەیی بووە.