کارناسانی بواری نەوت وسووتەمەنیی دەڵێن: کە نەوتی ئۆراڵی ڕووسیە لە بازاڕەکانی چیندا جێگەی نەوتی ئێرانی گرتووەتەوە و ئێران خەریکە نەوتەکەی بە نرخێکی هەرزانتر دەفرۆشێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی بلۆمبێرگ، بەمەبەستی دەسپێڕاگەیشتنی ئاسان بە نەوت لە بازاڕەکانی چیندا، ڕێژیمی ئێران لەژێر کاریگەری ڕووسیەدا کە بەهۆی گەمارۆ نێونەتەوەییەکانەوە پێویستی زۆری بە پارە هەیە، نەوتەکەی بەنرخێکی زۆر کەم بە چێن دەفرۆشێتەوە.
هەواڵدەریی بۆلۆمبێرگ، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێران نووسی: پاش هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین کە بوو بەهۆی سەپاندنی گەمارۆگەلێکی زۆر بەسەر ڕووسیەدا، ڕووسیە نەوتەکەی بە وڵاتی چین دەفروشێ و ئەو کارەی ڕووسیە بۆتە هۆکارێک کە ڕووسیە لەگەڵ هاوپەیمانە سیاسییەکەی کە ئێرانە بۆ فرۆشتنی نەوت بە چین بکەونە کێبڕکێوە و ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا لەژێر کاریگەری ڕووسیەدا نەوتەکەی هەرزان فرۆش دەکا.
ڕێژیمی ئێران کە لە ئێستادا بەهۆی گەمارۆ نێونەتەوەییەکانەوە ڕووبەرووی گوشارێکی قورسی ئابووریی بوەتەوە و تەنیا وڵاتێک کە لە ئێستادا نەوتی پێدەفرۆشێ “چین”ە لەژێر کاریگەرییەکانی وڵاتی ڕووسیەدا نەوتەکەی بە بەرمیلێک ١٠ دۆلار کەمتر دەفروشێ و بە واتەیەکی دیکە نەوتەکەی هەرزان فرۆش دەکا.