سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، میتینگی کۆمیتەی مەدیتەرانەی یەکیەتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست سەبارەت بە “دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای کۆڕۆنا”، لە لیسبۆن-ی پێتەختی پۆرتوگال دەستی بەکارەکانی کرد.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە بەبەشداری چالاکانەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک مژار و بابەتی تایبەت بە
ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتنە گۆڕێ.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە وتاری بەڕێزان میگێل کۆستا ماتۆس سکرتێری گشتیی لاوانی سوسیالیستی پورتوگال و هەروەها بروونۆ گۆنزالێس سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست وهەروەها سەیف عەقیل کۆردیناتۆری کۆمیتەی مەدیتەرانە دەستی پێکرد.
بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکە ناساندنی ڕێکخراو و تێکۆشانی ڕێکخراوەیی بەشداربووان بوو کە لەم بڕگەیەدا پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای پلاتفۆرمی زوومەوە باسێکی سەبارەت بە لاوان لە کوردستان و ئێران پێشکەش کرد و هەڵسوورانی ڕێكخراوەیی یەکیەتیی لاوان بە پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بۆ بەشداران شی کردەوە.
پێشەوا عەلی پوور هەروەها سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی، دەسپێکی دۆخێکی نوێی نادێموکراتیک بوو بۆ گەلانی ئێران و داخرانی ئازادییە سەرەتاییەکان و دەرکردنی حیزبە چەپ و پێشکەوتن خوازەکان لە تێکۆشانی پاڕلەمانی و ئینتخاباتی، بەهاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی بوونە دەسمایەی دیکتاتۆریەتێکی نوێ.
لە ئیدامەی باسەکانی ڕۆژی یەکەم و دووهەم هاوڕێ کەماڵ محیەدینی وەک نوێنەری یەکیەتیی لاوان لەم کۆبوونەویەدا، چالاکانە لە باس و بابەتەکاندا بەشداری دەکرد.
کەمال محێدینی بە ئاماژە بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵکەوتی کوردستان لەو جوغرافیایەدا، باسیکی سەبارەت بە دۆخی لاوانی کوردستانی ئیرانی هێنایە گۆڕێ، هەروەها دۆخی ئیران لەسەردەمی کۆڕۆنادا لە مژارە گەرمەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بوون کە هاوڕێ کەماڵ محیەدینی لەم بارەوە کورتە باسێکی سەباەت بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران و لاسارییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا سەبارەت بە بەکارنەهێنانی ڤاکسێنەکانی فایزێر و ئاسترازینکا و هەروەها ئاکامەکانی بەکارنەهێنانی ڤاکسێنی ئیستاندارد لە ئێران هێنایە گۆڕێ.
لە ڕەوتی کاری ئەم کۆبوونەویەدا کەماڵ محیەدینی نوێنەری یەکیەتیی لاوان زنجیرەیەک دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی حیزب و هەروەها لاوانی سوسیالیستی پۆرتوگال و، ئەندامانی پاڕلەمانی ئەم وڵاتە و ئەندامانی پاڕلەمانی یەکیەتیی ئورووپا هەبوون، کە لە پەراوێزی ئەم دیدارانەشدا مژار و بابەتی تایبەت بە لاوانی کورد هاتنە گۆڕێ.
لە ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا تا ڕێکارە عەمەلییەکانی تایبەت بە جێبەجێ کردنی بڕیارنامە پەسەندکراوەکانی شۆڕای ڕێبەریی لاوان بخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە کە تێیدا چەند بڕیارنامەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە دەستوری کاردان.
کۆبوونەوەکە پاش سێ ڕۆژ کاری بەردەوام، ڕۆژی ١٢ی پووشپەڕ کۆتایی بە کارەکانی هێنا.