بەردەوامیی گەندەڵییەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر پەروەردە و بارهێنان وایکردووە کە پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی کۆنکوری ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، کڕین و فرۆشتنی پێبکرێ.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ئێرانی، ڕۆژی شەممە ١١ی پووشەپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، شۆرای هاوەهەنگیی یەکیەتییەکانی پیشەیی فەرهەنگیان، سەبارەت بە کڕین و فرۆشتنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی کۆنکوری سەراسەری لە ئێران، ڕایگەیاند: ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی پێشوو گرووپێک پرسیارەکانی تاقیکارییان فرۆشتووە و ئەو پرسیارانە بە نرخی ٣٥٠بۆ٥٠٠میلیۆن تمەن کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە و کڕیاران سەتا ٣٠ـی ئەو بڕە پارەیان پێش تاقیکارییەکە بە فرۆشیاران داوە.
شۆرای هاواهەنگی یەکیەتیی پیشەیی فەرهەنگیان جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە، دەزگاکانی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە حاڵێکدا لەسەر شێوەکانی ناکارامەیی تاقیکردنەوەی خوازیاران و چوونیان بۆ زانکۆ پێداگری دەکا کە هەموو ساڵێک بە بەڕیوەچوونی کۆنکور گورزێکی گەورە لە قوتابیان دەدا و پەروەردەش خۆی دەستی لە کڕین و فرۆشتنی پرسیارەکاندا هەیە.
مامەڵەکردن بە داهاتووی قوتابییان و دڵەڕاوکی و نەخۆشیی دەروونیی خەڵک و قوتابیان، بەشێکە لە لێکەوتەکانی ئەم کارە کە لە سیستمی پەروەردەی ڕێژیمی ئێراندا باوە.