پرۆفیسۆر محەممەد ڕەزا ستارە، مامۆستای زانکۆ و زانای فیزیک، خەڵکی “بیجاڕ” و یەکێک لە هەڵبژاردە زانستییەکانی جیهان و ئەندامی دەستەی زانستیی بەشی فیزیکی زانکۆی کوردستان، ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
پرۆفیسۆر محەممەد ڕەزا ستارە، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە فیزیکی تێئوری و ئەندامی دەستەی زانستیی بەشی فیزیکی زانکۆی کوردستان و بەرپرسی بەشی زانستە بنەڕەتی و تەکنیکییەکانی ئەندازیاری بیجاڕ و یەکێک لە ٢٪ زانایان و کەسانی زانستیی دونیا بوو.
ئەم زانا کوردە لە ڕێکەوتی ١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕێگەی دیواندرە ـ بیجاڕ تووشی کارەسات و ڕووداوی هاتوچۆ بووە و دوای ١٠ نەشتەرگەریی پزیشکی، بەداخەوە بە هۆی سەختی برینەکانی، ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕ لە نەخۆشخانەیەکی شاری تاران گیانی لەدەست دا.
شایانی باسە کە ئەم زانا هەڵکەوتە کوردە زیاتر لە ٢٤٦ بابەتی پسپۆڕیی “ئای.ئێس.ئای” لە بەشی فیزیک چاپ و بڵاو کردووەتەوە و وەک باشترین زانای جیهانی ئیسلام لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی دەسنیشان کراوە و هەروەها میدالیای زیوی ئەنشتەینی لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆەوە پێبەخشراوە .