مەجلیسی ڕێژیم پڕۆژە یاسایەکی نوێ بۆ پەسەندکردنی دامەزرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ئێرانەوە دەدا بە نوێنەرانی مەجلیس بۆ پەسەند کردن.
بەپێی ئەو بەڵگەگەلەی کە هەواڵدەرییەکان بڵاویان کردۆتەوە، دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئێران دەیانهەوێ لە ڕێگەی مەجلیسی ڕێژیمەوە پڕۆژە یاسایەک بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکان و دەزگای قەزایی رێژیمەوە پەسەند بکەن.
هەواڵدەریی ئێران ئینتێرنەشناڵ، ڕۆژی شەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسایەکی نوێ لە مەجلیسی ڕێژم، بۆ دامەزراندنی رێکخراوە ناحکوومییەکان لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکان و دەزگای قەزایی رێژیمەوە بڵاوکردەوە و لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە، ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی رێژیم، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسایەکی بۆ پەسەند کردن ئامادە کردووە کە لە ئەگەری پەسەندکرانی ئەو پڕۆژە یاسایە، ئیزنی چالاکیی دامەزراوە ناحکوومییەکان قورستر دەبێتەوە و دامەزراوە ئیتلاعاتییەکان و دەزگای قەزایی رێژیم، دەسەڵاتی زیاتریان بۆ ڕێگەپێدان یان نەدانی چالاکیی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان پێدەدرێ و بە گشتیی دامەزراندن وچالاکیی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان دەکەوێتە دەستی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم ودەزگای قەزایی رێژیمەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، سەبارەت بە پەسەندکرانی ئەو بڕیارنامەی لەلایەن مەجلیسی ڕێژیمەوە نیگەرانییەکانی خۆیان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە پەسەندکرانی ئەو بڕیارنامەیە دەبێتە هۆی لەنێوچوونی رێکخراوە ناحکوومییەکان.
بەپێی ئەو ڕەشنووسە” یاسای رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان” کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی رێژیمەوە ئامادەکراوە، ئیزنی ڕێگەپێدان بۆ چالاکیی دەچێتەوە وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوە ئیتلاعاتییەکان و دەزگای قەزایی ڕێژیمیش دەبنە ئەندامی شۆرای میللی بۆ چاوەدێری کردن بەسەر چالاکیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە.