لەدرێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، بەدژی ڕێژیمی ئاخوندی، ڕۆژی ڕابردوو ١٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لەشارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی شەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لەدرێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی گەندەڵی ڕێژیم ١٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی پاش ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە شارەکانی شووش، شووشتەر، زەنجان، ئیسفەهان، ساری، دێزفوول، کەرەج، ئەراک، ئەهواز، ئابادان، خوڕەمئاوا، هەمەدان و کرمان لەبەردەم ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان بەڕێوە چوو.
جێگەی ئاماژەیە کە، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شاری شووش، سپی پۆش و بە کفنەوە ڕژابوونە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەردەبڕێ.
هاوکات لەلایەکی دیکەوە لە شاری تاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی، کۆمەڵێک لە ماڵدزراوانی سندووقی ئەماناتی بانکی میللی لەبەردەم بینای دەزگای قەزایی ڕێژیم لە تاران بەڕێوە چوو.