کۆمەڵێک لە نوێنەرانی پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سەر بەو یەکیەتییە، سەرەڕای هۆشدار بە پارلمانی بلژیک سەبارەت بە پەسەندکردنی بڕیارنامەی گۆڕینەوەی بەندکراوەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، داوایان لە پارلمانی ئەو وڵاتە کردووە کە ئەو جۆرە بڕیارنامەیە پەسەند نەکا.
نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا، ڕۆژی شەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە نامەیەکدا بۆ پارلمانی بلژیک، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە پەسەندکردنی بڕیانامە بۆ ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لە نێوان ئەو وڵاتە و ئێراندا، ڕێگا بۆ ئەسەدوڵا ئەسەدی، دیپلۆمات تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران کە ٢٠ ساڵ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپاوە بۆ گۆڕینەوە خۆش دەکا و لە ئەگەری گواستنەوەی ناوبراودا بۆ ئێران، ئەو دادپەروەرییەی کە لە ئورووپا، سەبارەت بە جینایەتەکانی ئەسەدی لەپێش چاو گیراوە دەچێتە ژێر پرسیار، هەربۆیە داوا لە پارلمانی بلژیک دەکەین، دژایەتیی ڕێککەوتنی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لە نێوان بێلژیک وڕێژیمی ئێراندا بکەن.
هەرلەم پێوەندییەدا کۆمیتەی پارلمانتارانی ئیتالیایی بۆ ئێرانێکی ئازاد، ڕێکخراوی هاوڕێیانی ئێرانی ئازاد و کۆمیتەی نێونەتەوەیی دابینکردنی دادپەروەری، لە بەیاننامەگەلێکی جیاوازدا، سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان بلژیک وڕێژیمی ئێران بۆ ئاڵوگۆڕی بەندکراوان، هۆشداریان بە پارلمانی بلژیک داوە.
لە نامەکەی نوێنەرانی پارلمانی ئورووپادا هاتووە کە پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامەیە لەلایەن پارلمانی وڵاتی بلژیکەوە، ڕێگەی بۆ دیپلۆماتی تێرۆریست ئەسەدوڵا ئەسەدی، کە لەلایەن دادگای “ئانتۆرپ”ەوە بە ٢٠ ساڵ زیندان سزا درابوو و هەموو تێرۆریستەکانی دیکە خۆش دەکا و ئەو کارە نیشاندانی گڵۆپی سەوزە بە دەسەڵاتدارانی تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران بۆ درێژەی جینایەت و کردەوە تێرۆریستییەکانیان لە خاکی ئورووپا.