سپای تێرۆریستی پاسداران، لە ئاوایی “گەلێن”ـی ناوچەی ژاوەرۆی سنە خەریکە مۆڵگە کۆنەکانی خۆی نۆژەن دەکاتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، سپای تێرۆریستی پاسداران لە ئاواییەکانی ناوچەی ژاوەرۆی سنە، دەستی بە نۆژەنکردنەوەی مۆڵگە کۆنەکانی لەو ناوچەیەدا کردووەتەوە و ئەو ئامێرانەی کە گواستوویانەتەوە بۆ شوێنی نۆژەنکردنەوەی مۆڵگەکان، بە تەواوی ڕێگە و بانەکانی تێک داوە و خەڵکیان بێزار کردووە.
سپای تێرۆریستی پاسداران سەرەڕای ئەوەیکە کە مۆڵگە کۆنەکانی خۆی لەو ناوچەیە بە مەبەستی ترساندن و سەرکوتکردن نۆژەن دەکاتەوە تەواوی ڕێگەبانەکانی ئەو ئاواییەی تێکداوە لەحاڵیکدا ئیدارەی ڕێگاوبان لە شاری سنەوە بۆ پێشگرتن بە تێکدانی جادەکە سەردانی شوێنەکەیان کردوون و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەلام سپای پاسداران بە هەڕشە ولامیان دانەوە و ئەوانیش دەسەڵاتی چەکدارانی سپایان نەبوو.
بەپێی زانیارییەکان لەو پیوەندییەدا، مۆڵگەی کۆنی سپا کە لە ناو ئاوایی “گەلێن” بوو بڕیارە بیکەنە مۆڵگەی بەسیجی ژنان و بە نێو بنەماڵە هەژارەکانی ئەو ئاواییەدا دەگەڕێ و بە تەماح وەبەرنان دەیهەوێ بە ناوی جیاجیا و بە پاساوی جۆراوجۆر خەڵکانێک بکەن بە بەکرێگیراوی ڕێژیم.