بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی دەڵێ: پاش وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە قەتەر، ئەگەری بووژانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام زۆر کەمتر بۆتەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ، ڕۆژی هەینی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئەمریکا، سەبارەت بە وتووێژە ناوکییەکان بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لە دۆحەی قەتەر، بەئاماژە بە داواکارییە نابەجێ و زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە قەتەر وتی: ئەگەری بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی پاش ئەو وتووێژە ناڕاستەوخۆگەلە لە نێوان ڕێژیمی ئێران و ئەمریکادا زۆر کەمتر بووەتەوە و دەبێ ئەمریکا ڕێکارێکی دیکە بۆ سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران بگرێتەبەر.
ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە بە ئاماژە بە داواکارییە ناڕوونەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وتووێژانەدا وتی: دەبێ وتووێژ و دانوستان لە نێوان بەرپرسانی خودی ڕێژیمی ئێراندا بکرێ، لەبەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران، تا ئێستاش دیار نییە کە چی لەو وتووێژانە دەوێ و هەرجارێک بیانوویەک و داوکارییەکی هەیە کە هیچ پێوەندییەکیان بە ڕێککەوتنی بەرجامەوە نییە.