محەممەدعەلی ئەبتەحی، بەرپرسی دەفتەری پێنجەمی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئیران دەڵێ: دزەکردنی ئیسرائیل و چالاکییە بەربڵاوەکانی ئەو وڵاتە لە خاکی ئێراندا “بەهێزترین ناوەندی زانیاریی” ئێرانی لاواز کردووە.
محەممەدعەلی ئەبتەحی بەرپرسی دەفتەری پێنجەمی سەرۆککۆماری ڕێژیم لە وتوێژێکی تێلەفۆنیی لەگەڵ “ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز”دا، ڕایگەیاند کە ئێران لە باری ئەمنییەتییەوە پارێزراو بووە بەڵام لە ماوی یەک ساڵی ڕابردوودا ناوەند و ئۆرگانە پێوەندەیدارەکانی ئەمنییەتیی ئەو ڕێژیمە لاواز بوون و زەبرێکی زۆریان وێکەوتووە و بە دزەکردن و هاتنی مۆرەکانی ئیسرائیل بۆ هەستیارترین شوێنەکانی ئەو ئۆرگانانە ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر بووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە لابردنی “حوسێن تائیب” لە پۆستەکەی وتی: جگە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەرەشەکانی ئیسرائیل، تاران جگە لە ڕێبەریی نوێ، پێویستی بە رێکار و پرۆتکۆلی دیکەش هەیە.
جێی ئاماژەیە نیویۆرک تایمز لە زاری ڕایگەیەندراوەکانی ئێرانەوە نووسی کە وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی ئەو ڕێژیمە ساڵی ڕابردوو سەبارەت بە دزەکردنی “مووساد” لە نێوان بەرپرسانی پلەبەرزی ڕیژیم هۆشداری دابوو کە بەرپرسانی ئێرانی دەبێ وریای گیانیان بن.
ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا دەیان بەرپرس و کارمەندی ڕیژیم بە تۆمەتی پێوەندی و سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیل، لە ئێران دەسبەسەر کراون.