لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن شانۆکارانی شاری سەقزەوە بەڕێوەچوونی شانۆی سەرشەقام دەستی پێ کردووە و بۆ ماوەی یەک حەوتوو بەردەوام دەبێت.
ڕۆژی دووشەممە، ٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، شانۆکارانی شاری سەقز بە تیشکخستنە سەر بابەتە هەستیار و گرنگەکان و هەروەها کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و بەتایبەت شاری سەقز، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە شانۆی سەرشەقام دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی یەک حەوتوو بەردەوام دەبێت.
لە دوو ڕۆژی دەستپێکی ئەو شانۆیەدا تیشک خراوەتە سەر ئەو بابەتەی کە ئاماژەیان پێ کرا و بە لۆمە و ئیدانەی نەریتە شوومەکانی کۆمەڵگەی کوردستان وەکوو؛ بەشوودانی کچ بە منداڵی و بەزۆرملێ بەشوودانی کچان لە کۆمەڵگای سەقز و کوردستان بەگشتی، هەروەها بە خستنە ڕووی بوارەکانی تری کۆمەڵگە بەردەوام دەبێت.
لەو شانۆیەدا هەوڵ دراوە کە زیاتر کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان وەکوو نەبوونی نەبوونی سەربەخۆییی کچان و سەربەخۆییی ماڵی کە زیاترین کێشە و گرفتی بۆ ژنانی کۆمەڵگەکەمان دروست کردووە، نیشان بدەن و هەروەها لەم شانۆیەدا کۆمەڵێکی تر لە نەریتە نەرێنییەکانی تری کۆمەڵگەکەی کوردستان بە مەبەستی هەوڵدان بۆ بنەبڕکردنیان خراونەتە بە دیدی بینەران و ئامادبووان.