سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سەرەڕای هۆشدار بە ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر هێرشی سایبێری بۆ سەر ژێرخانە ئابوورییەکانی ئیسرائیل وتی: ئەگەر ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببنەوە دەبێ باجێکی قورس بدەن.
نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە زانکۆی ئێسرائیل بە بۆنەی” حەوتووی سایبێری”یەوە وتی: بەو جۆرەی کە پێشگرتن لە بەرنامەی ناوکیی هەیە، پێشگرتن لە هێرشی سایبێریش هەیە، وڵامی ئێمە بۆ دوژمنان و نەیارانمان بە تایبەتی ڕێژیمی ئێران، ئەوەیکە ئێمە هیچکات نەمانویستووە تاران وێران بکەین و سیاسەتی ئیسرائیل ئەوە نەبووە، سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران ڕووبەڕووی ئێمە ببێتەوە ئەو باجێکی زۆر قورس دەبێ بدا.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها وتیشی: هێرشی سایبێری، یەکێکە لە گرینگترین جۆرەکانی شەڕ لە داهاتوودا و کارێک کە بە ١٠٠ کۆماندۆ و کێشەگەلێکی زۆرەوە جێبەجێ دەکرا، ئێستا بە تەختە کلیلێک زۆر بە خێرایی جێبەجێ دەکرێ.
ناوبراو لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد کە ئیسرائیل بە یارمەتی گرووپێک لە کەسانی زیرەک و شارەزا کە لە پشت تەختە کلیلی کۆمپیوتێرێکەوە دانیشتوون، ئەو ئامانجەی ئێمە کە لە ڕێگەی دەیان کۆماندۆوە جێبەجێ دەکرا دەپێکن.