لاوێکی خەڵکی شاری سنە لە شوێنی کارەکەی ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بێهزاد عەلیپوور کە لاوێکی تەمەن ۳۰ ساڵانی خەڵکی شاری سنە بوو ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی گوڵان لە نانەواخانەیەک لە گەڕەکی “باغ میللی” خۆی هەڵواسیو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ناوەندیی هەواڵی “کوردستان و کورد” گەیشتوون ناوبراو خێزاندار بووە و کچێکی تەمەن پێنج ساڵانی هەیە. سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە راگەیاند به ئهگهری زۆر خۆکوژییەکەی بەهۆی هەژاری و دەسکورتییەوە بوو بێ.
تەرمی ناوبراو دوای ئەوەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کرا، دوێنی ۲۰ی گوڵان لە گۆڕستان “بەهەشت محەممەدی” شاری سنە بە خاک سپێردرا. خۆكووژیی ئەم لاوە لە حاڵێكدایە كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ كەس لە كوردستان پەنایان بۆ خۆكوژی بردووە و كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەكانیش دەركەوتووە كە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی خۆكووژییەكان ٦ هێندەی پێشوو زیادی كردووە.
ڕۆژی دووشەممە هاوكات لەگەڵ خۆكوشتنی بێهزاد عەلیپوور، سەرۆكی ئەنجومەنی زانستیی ڕێگری كردن لە خۆكوژی لە كۆبوونەوەیەكدا دانی بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆكوژی لە ئێران داناو خۆكوژی لەبەرچاوی خەڵكی بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین به بارودۆخی ژیان گەڕاندەوە.
كارەساتی تاڵو دڵتەزێنی خۆكوژییە بەربڵاوەكان لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا بەهۆی پەرە سەندنی هەژاریو ناهومێدیو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین به بارودۆخی كۆمەڵایەتیو ئابووریی نالەباری ئێستای كۆمەڵگای ئێران بووە.