ئەرتەشی ئەمریکا، لە هێرشێكی ئاسمانیدا بۆ سەر گرووپی ئەلقاعیدە لە پارێزگای ئیدلیب، فەرماندەیەکی باڵای ئەو گرووپەی بەناوی ئەبووحەمزە ئەلیەمینی کوشتووە.
فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا” سێنتکام”، ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، لە هێرشیکی ئاسمانیی هێزەکانماندا بۆ سەر گرووپی ناسراو بە” پارێزەرانی دین” کە شاخەیەکن لە ڕێکخراوی تێرۆریستی ئەلقاعیدە و لە پارێزگای “ئیدلیب”ی سووریە جێگیرن، سەرەڕای گەیاندنی خەسارێکی قورس بەو گرووپە فەرماندەیەکی باڵای ئەو گرووپە بەناوی” ئەبوو حەمزە ئەلیەمینی” کوژراوە.
فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا” سێنتکام” لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە، ئەبوو حەمزە ئەلیەمینی، بەتەنیا بە ماتۆڕ سیکلێت دەیویست بچێتەوە بۆ مۆڵگەکانی خۆیان کە لە هێرشیکی ئاسمانیی هێزەکانماندا کوژراوە و لەو هێرشەدا هیچ کەسێکی مەدەنیی گیانی لەدەست نەداوە.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەبوو حەمزە، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی گرووپی” پارێزەرانی دین”ی سەر بە ڕێکخراوی تێرۆریستی ئەلقاعیدەیە کە هێرشی تێرۆریستی کردۆتە سەر هاوڵاتیان و بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە هەموو وڵاتانی جیهاندا.
شایانی باسە کە گرووپی” پارێزەرانی دین” لە ئێستادا لەلایەن” فارۆق ئەلسووری”یەوە ڕێبەری دەکرێ و لە باکووری پارێزگای ئیدلیب لە سووریە جێگیرن و بەردەوام خەریکی کردەوەی تێرۆریستین.