وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە دژکردەوە بە ناردنی مووشەکی ماهوارەیی ڕێژیمی ئێران بۆ بۆشایی ئاسمان، بە هەنگاوێکی ناسەقامگیر و پێشێلکاریی بڕیارنامەی شۆرای ئاسایش زانی.
ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر ناردنی مووشەکی ماهوارەیی ڕێژیمی ئێران کە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی پووشپەڕ، بەڕێی کرد بۆ بۆشایی ئاسمان، دژکردەوەی نیشان دا و بە هەنگاوێکی ناسەقامگیر و پێشێلکردنی بڕیارنامەی شۆرای ئاسایشی نێونەتەوەیی زانی، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین جاری دیکە مووشەکی ماهوارەیی هەناردووە بۆ بۆشایی ئاسمان.
جیا لەوەیکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە نیسبەت ئەو هەنگاوەی رێژیمی ئێران دژکردەوەی نیشان دا، وتەبێژی کۆشکی سپیش بە هەمان شێوە ئیدانەی ئەو هەنگاوەی تارانی کرد و ڕایگەیاند کە، دەوڵەتی ئەمریکا بەرپرسیارە لە بەرانبەر بەکارهێنانی گەمارۆکان و بابەتگەلی دیکە بە دژی هەنگاوە پێشێلکارییەکانی دیکەی ڕێژیمی ئێران و پیویستە گەمارۆکانی زۆرتر بکا بۆ ئەوەی پیش بە سەرەڕۆییەکانی تاران بگرێ، بە تایبەت لە بەرانبەر پێشگرتن بە بەرنامەی مووشەکی بالستیکی دوور مەودای ئەو ڕێژیمە.