پاش تیربارانکردنی بە کۆمەڵی ١٥ هاوڵاتیی ئەفغانیی لە لایەن تاڵیبانەوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەرەڕای هۆشدار بە گرووپی تاڵیبان، داوای لەو گرووپە کردووە کە ئیعدامە سەحراییەکانی خەڵکی مەدەنی لە ئەفغانستان بە خێراترین کات ڕابگرێ.
ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە لاپەڕەی فەرمیی ئەو ڕێکخراوەیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، سەبارەت بە ئیعدامە سەحراییەکانی گرووپی تاڵیبان لە هەرێمی بەڵخاب نووسی: ئەو ئیعدامە بە کۆمەڵ و لە خۆڕاییانەی گرووپی تاڵیبان کە خەڵکی مەدەنیی دادگای سەحرایی دەکا و ئێعدامیان دەکا زۆر بە جیددی کۆمەڵگەی جیهانیی نیگەران کردووە و ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوا لە تاڵیبان دەکا کە زۆر بە خێرایی ئەو ئیعدامانە ڕابگرێ و چیدیکە زەربە لە خەڵکی ئاسایی و مەدەنیی ئەفغانستان نەدا.
لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا هاتووە کە، دوو لای کێشەکە لە ئەفغانستان، بەتایبەتی تاڵیبان بەرپرسیارن کە لەهەموو کێشەکاندا یاساکانی شەڕ لەپێش چاو بگرن و زەربە لە خەڵکی مەدەنیی نەدەن.
جێگەی ئاماژەیە کە گرووپی تاڵیبان، ڕۆژی دووشەممە لە هەرێمی بەڵخاب ١٥ کەسی تیرباران کردووە کە فەرماندەیەکی پێشوو بەناوی موختار و بنەماڵەکەی و هەروەها ٨ سەرباز لە نێو ئەو کەسانەدان.