ڕاوێژکاری ئاسایشی کۆشکی سپیی ئەمریکا، لەسەر ئەوەیکە ڕێکەوتنێک لە سەر مێزی دانوستانی ناوکیی ئامادەیە، وتی: دەبێ ڕێژیمی ئێران لەبارەی قەبووڵ کردنییەوە بڕیاری کۆتایی بدا.
ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی کۆشکی سپیی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئەمریکا لە هەموو دۆخێکدا سوورە لەسەر ئەوەیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ شێویەک دەستی بە چەکی ناوکیی ڕانەگا و لە ئێستادا ڕێکەوتنێک لەسەر دانوستانەکانی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ئامادەیە و دەبێ تاران کۆتا بڕیار بدا، لە ئەگەری قەبووڵ نەکردنی ئەو ڕێکەوتنە هەڵوێستی دیکەمان دەبێ و بە هیچ شێویەک لەگەڵ هاوپەیمانان ڕێگە نادەین ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: دەوڵەتی ئەمریکا هەوڵ دەدا لە ڕێگەی دیپلۆماتیکەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بگەن بە ڕیکەوتن و بەرجام ببوژێتەوە و ئەوەش بە قازانجی هەردوولایە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەو متمانەیەی نەماوە کە لەو ڕێگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن، ئەگەر ڕێژیمی ئێران ئەو ڕێکەوتنە قەبووڵ نەکا یان بیهەوێ کات بکوژێ و لە چەکی ناوکیی نزیک بێتەوە بەهیچ شێویەک ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانانیش ڕێگە نادەن ئەو پیلانەی ڕێژیم سەر بگرێ.