فەرانسە بەهۆی دەسپێکردنەوەی دەوری نوێی وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران و کەمیی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا و بەهۆی شەڕی نێوان ڕووسیە و ئۆکراینەوە داوای گەڕانەوەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕە جیهانییەکان دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ٧ وڵاتی زلهێزی ئابووریی جیهان لە ئاڵمان، بەرپرسێکی فەرانسەیی، داوای لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت کردووە، بەرهەمی نەوتی وڵاتەکانیان زیاتر بکەن، بۆ ئەوەیکە بازاڕی وزەی ئورووپا پێویستی بە نەوتی ڕووسیە نەبێ و هەروەها فەرانسە لەو کۆبوونەوەیەدا داوای درێژەی وتووێژەکان بۆ بووژانەوەی ڕێکەوتنی ناوکیی لەگەڵ رێژیمی ئێرانی کرد و وتیشی: بە بووژانەوەی ڕێکەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا دەتوانین نەوتی ئێران بگەڕێنینەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان.
ئەو بەرپرسە فەرانسەییە بەئاماژە بە وتووێژە ناوکییەکان بۆ بووژاندنەوەی ڕێکەوتنی بەرجام لە نێوان ئێران وئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر ئێران دەست لە زێدەخوازییەکانی هەڵبگرێ و ئەو گرێ کوێرەیە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بکرێتەوە، دەتوانین هیوادار بین کە نەوتی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان.
لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیلیش ڕازیی بووە بە گەڕانەوەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕە جیهانییەکان.