وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە دەورێکی نوێ لە وتووێژە ناوکییەکان ناڕاستەخۆ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەستپێدەکاتەوە ڕایگەیاند کە، دەبێ ئێران، زێدەخوازییەکانی لە وتووێژەکاندا وەلا بنێ و تەنیا لەسەر بەرنامەی ناوکیی وتووێژ بکا.
ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست، ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپاڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لەزاری بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی ئەمریکاوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە، لەم حەوتووەدا دەورێکی نوێ لە وتوێژە ناوکییەکان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە دۆحەی قەتەر دەسپێدەکاتەوە بەڵام ئێمە دوو دڵین لە ئاکامی وتووێژەکان و بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانمان ڕاگەیاندووە کە دەبێ دەست لە زێدەخوازییەکانیان لە ڕێککەتنی بەرجام هەڵبگرن وتەنیا لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران وتووێژ دەکرێ.
ئەو بەرپرسە باڵایەی دەوڵەتی ئەمریکا هەروەها وتیشی: ئەمریکا زۆر گەشبین نییە کە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بێتە ئاراوە بەڵام ئێمە چارەسەری کێشەکان تەنیا لە ڕێگەی دیپلۆماتیکەوە دەزانین و ئەگەر ئێران دووبارە نەیویست کە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهانیدا بکا، ئەوە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕێکارێکی دیکە بۆ پێشگرتن لە پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران دەگرنەبەر.
جێگەی ئاماژەیە کە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی ڕێکەوتنی ناوکیی، لەسەر زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران زیاتر لە سێ مانگە ڕاوەستاوە و ئەمریکا تا ئێستاش داواکارییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ دووبارەکردنەوەی ئەو ڕێکەوتنە قەبووڵ نەکردووە.