بەشی بەرهەمهێنانی چەندین کۆمپانیای ئێرانی بەتایبەتی کۆمپانیای پۆڵای خووزستان و موبارەکەی ئیسفەهان بوو بە ئامانجی هێرشی سایبێریی گرووپی”چۆلەکەی دڕندە”(گۆنجێشکێ دەڕەندێ).
کۆمپانیای بەرهەمهێنانی پۆڵای خووزستان، ڕۆژی دووشەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هێرشی سایبێری بۆ سەر بەشی بەرهەمهێنانی ئەو کۆمپانیایە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە تا ماوەیەکی نادیار بەهۆی کێشەی فەننی ئەو کۆمپانیایە دادەخرێ.
گرووپی سایبێری “چۆلەکەی دڕندە”، بەرپرسایەتیی ئەو هێرشەی وەئەستۆ گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرشە کاردانەوەیە بە دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
جێگەی ئاماژەیە کە خەزەڵوەری ڕابردووش هێرشی سایبێری کرایە سەر بەشی زیرەکی سووتەمەنیی ئێران و ٤٣٠٠ وێستگەی دابەشکردنی بێنزین کرانە ئامانجی ئەو هێرشە و گرووپی “چۆلەکەی دڕندە”، بەرپرسایەتیی ئەو هێرشەشی وەئەستۆ گرت.