لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژمارەی ئەو پارێزگایانەی کە لە ئێران وشکەساڵیی ڕووی تێکردوون ١٤پاریزگا بوون لەمساڵدا گەیشتووەتە ٢١پارێزگا.
ڕۆژی یەکشەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، عەباسعەلی نەوبەخت، بەرپرسی ناوەندی سەرچاوەی ژینگەیی ڕێژیمی ئێران وتی: لەمساڵدا بەهۆی بێئاوییەوە ژمارەی ئەو پارێزگایانە کە بێئاون و بەرەوە وشکبوون دەچن گەیشتووەتە ٢١پاریزگا و پێشبینی دەکرێ کە زیاتر لەو ژمارەیەش بێ، ساڵانی ڕابردووە لە تەواوی ئێران ١٤پارێزگا کێشەی کەمیی ئاویان هەبوو، بەڵام ئەمساڵ ٢١پاریزگا بەرەوە وشکبوونی ئاو دەچن و ئەوەش مەترسییەکی جیددییە بۆ سەر دانیشتوانی ئەو پارێزگایانە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دروستکردنی ژمارەی زۆری بەنداوی گەورە لە هەموو ناوچەکانی ئێران، بووەتە هۆکاری ئەوەیکە ئێستا ٢١پارێزگا ڕووبەڕووی هەڕەشەی بێئاوی بوونەتەوە و ئەو بەنداوانە هیچ قازانجێکی بۆ خەڵکی ئێران نییە.