لەدرێژەی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بەدژی وڵاتی ڕووسیە، وڵاتانی بریتانیا، ئەمریکا، ژاپۆن و کانادا هاوردەکردنی زێڕیان لە ڕووسیەوە قەدەغە کرد.
دەوڵەتی بریتانیا، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، لەدرێژەی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بەدژی وڵاتی ڕووسیە لەهەمبەر هێرشی سەربازیی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئۆکراین، ٤ وڵاتی زلهێزی ئابووریی جیهان پێکهاتوو لە وڵاتانی” ئەمریکا، بریتانیا، کانادا و ژاپۆن” هاوردەکردنی زێڕیان لە ڕووسیەوە قەدەغە کردووە و بەوجۆرە ژێرخانە ئابوورییەکانی ڕووسیەیان کردۆتە ئامانج.
لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی یەکشەممە، لەزاری بەرپرسێکی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاوە ڕایگەیاند کە، ئامانجی ئەمریکا لە گەمارۆی زێڕی ڕووسیە، زیاتر خستنە پراوێزی ئەو وڵاتە لە ئابووریی جیهانە و پێشگرتن لە ڕووسیە بۆ بەشداریی لە بازاڕی زێڕی جیهاندایە.
پێویستە بگوترێ کە ڕووسیە لەسەتا ١٠ی زێڕی جیهان هەناردە دەکا و ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ١٥ میلیارد دۆلار زێڕی هەناردەی بازاڕە جیهانییەکان کردووە.
قەدەغەکردنی هاوردەکردنی زێڕی ڕووسیە، یەکێکە لە دوایین گەمارۆ نێونەتەوەییەکانە کە لەکاتی هێرشی سەربازیی ڕووسیەوە بۆ سەر ئۆکراین بەسەر ڕووسیەدا سەپێندراوە و ئابووری وڵاتی ڕووسیەی کردۆتە ئامانج.