واڵێستریت ژۆرناڵ دەڵێ: لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە کۆبوونەوەیەکی شاراوەیان بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لە میسر بەڕێوە بردووە.
ڕۆژنامەی ئەمریکایی، واڵێستریت ژۆرناڵ، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا لەزاری بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبییەوە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بێ بڵاویکردەوە کە ئەمریکا سێ مانگ پێش ئێستا کۆبوونەوەیەکی شاراوەی بە بەشداریی ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بەمەبەستی داڕشتنی پلان و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بەڕێوە بردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو کۆبوونەوە شاراوەیە کە لە شاری” شەرمئەلشەیخ”ی میسر بەڕێوە چووە و ڕێگەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران، هاتوەتە بەرباس.
جێگەی ئاماژەیە کە وڵاتانی ئیسرائیل، عەرەبستان، قەتەر، ئۆردۆن، میسر، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە سەرپەرەستیی ئەمریکا بەڕێوەچووە بەشدار بوون.