بەرزبوونەوەی ٣٤٠ لەسەدی ئاماری دزیکردن لە ئێران لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی سەر بەرێژیم ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، “ڕەزا مەسعوودیفەڕ” جێگری کاروباری کۆمەڵایەتی و پێشگیری کردن لە ڕوودانی تاوانەکان لە دەزگای قەزایی ڕێژیم ڕایگەیاند: کە لە ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی دزیکردن لە ئێران گەیشتۆتە ١ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار جار.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەرزبوونەوەی ئاماری دزیکردن لە ئێران پێوەندی لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسانی ئابووریی هەیە، بەشێوەیەک کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا نرخی هەڵاوسان ساڵانە نزیکەی ٤.٤ هێندە زیادی کردووە و پۆلیسی تاران لەو بارەوە ڕایگەیاند نیوەی ئەو کەسانەی کە بە تاوانی دزیکردنی دەسبەسەر کراون جاری یەکەم بووە کە دزییان کردووە.
بەپێی هەڵسەنگاندنی سندووقی نێونەتەوەیی دراو، ئێران دوای وڵاتانی ونزویلا، ئارژانتین، سووریە، یەمەن، سوودان، زیمبابوە، ئیتیوپی و تورکیە زۆرترتن نرخی هەڵاوسانی لە جیهاندا هەیە.