بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی ئەدەبیی هاژەی کۆخانو ئەنجوومەنی موسیقای بانەو بەبەشداریی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ناوچەی بانە یەکەمین فستیڤاڵی ئاوازو مۆسیقای ڕەسەنی کوردی( زایەڵەی حەوتەوانە) لە شارۆچکەی کانیسووری بانە بەڕێوە چوو.
ئەو فستیڤاڵە ڕۆژی دووشەممە ۲٠ی مانگی بانەمەڕ بەبەشداریی سەدان کەسو بە خوێندنەوەی چەند ئایەت لە قورئانی پیرۆز لە لایان مەلا عەلی شەریفیو وتارێکی کورتی سماییل محەممەدی، بەخشداری نەمەشیر دەستی پێکرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو فستیڤاڵەدا حەیدەری، سەرۆکی شارەوانی کانیسوور باسێکی لە مەبەستەکانی ئەو فستیڤاڵە کردو لە درێژەدا کوێخا عەزیز قادری بە حەیرانو گۆرانی بڕگە هونەرییەکانی فستیڤاڵی دەست پێکرد.
پێشکەشکردنی چەند گۆرانییەک لە لایان نادر کەریمی، سماییل تاییری، خالید محەممەدیو حەیرانو گۆرانی لەلایەن مامۆستا قالە ماڵەدۆمی چەند بڕگەیەکی دیکەی ئەو فستیڤاڵە بوون.
هەر لە درێژەی بڕگە هونەرییەکانی فستیڤاڵەکەدا چەند تابڵۆی هەڵپەڕکێ لەلایەن کۆڕی هەڵپەڕکێی بەڕۆژەو چەند گۆرانییەک لەلایەن گرووپی موسیقای هەرمانەوە پێشکێش کران.
محەممەد نەدیمی، کەماڵ تیوری، مستەفا گەندومانی چەند هونەرمەندێکی دیکەی بەشدار لەو فستیڤاڵە بوون کە چەند گۆرانییەکیان پێشکێش بە بەشدارانی فستیڤاڵەکە کردو دوایین بڕگەی فستیڤاڵەکەش دابەشکردنی خەڵات بە سەر بەشدار بوواندا بوو.
جێی باسە ئەمە یەکەم فستیڤاڵی ئاوازو مۆسیقای ڕەسەنی کوردییە کە لە ناوچەی کانی سووری بانە، بە ناوی “زایەڵەی حەوتەوانە”و بە مەبەستی زیاتر ناساندنی گۆرانیی فولکلۆرو ڕەسەنی ناوچەکە بە بەشداریی کەسانی دنگ خۆشو خاوەن بەهرە بەڕێوە دەچێو لە پەراوێزی فستیڤاڵەکەشدا پێشبڕکێی خۆشترینو بەتامترین خواردنی کوردیش لە نێو بەشدارانی فستیڤاڵەکەدا بەڕێوەچوو.