سزای لەسێدارەدانی شاکر بێهرووزی جارێکی دیکە لەلایەن ڕێژیمەوە پێی ڕاگەیەندراوە و مەترسیی لەسێدارەدانی زۆرە.
سزای سێدارەی شاکر بێهرووزی بەندکراوی سیاسی کورد کە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی ٣١ی دادگای باڵای ڕێژیمی ئێران (لقی شاری قوم) دەرچووبوو، جارێکی دیکە لەلایەن دادگای باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە و ئەو سزایە ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە بەندیخانەی ورمێ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە و تەنیا ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتی هەیە کە داوای پێداچوونەوە لەو بڕیارەی دادگا بکات.
شاکر بێهرووزی خەڵکی گوندی دزەی مەرگەوەڕ ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ١٣٩٧ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ورمێ دەسبەسەر کرا.
ناوبراو دوای یەک ساڵ و ٩ ڕۆژ ڕاگیران لە دەسبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و تەواو بوونی لێپرسینەوەکانی بەهاری ١٣٩٩ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.
شاکر بێهرووزی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٩ لەلایەن لەلایەن لقی دووی دادگای ڕێژیمەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شەیخلوو سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.