وەزیری دەرەوەی ئاڵمان دەڵێ: ڕووسیە لە خۆراک وەکوو چەکێک بۆ شەڕ کەڵک وەردەگرێ و هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئابووری و خۆراکە لە جیهاندا.
ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکدا لە بێرلین کە بەئامانجی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ قەیرانی خۆراک لە جیهاندا کە پاش هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین هاتووەتە ئاراوە وتی: ڕووسیە بە ئەنقەست لە خواردەمەنیی وەکوو چەکێک کەڵک وەردەگرێ و هەموو جیهانی بە بارمتە گرتووە.
ناوبراو سەرەڕای هۆشدار لەهەمبەر سۆنامی قاتی و قڕی کە بە ئەگەری زۆر هێندێک لە وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە وتی: ئەم کۆنفرانسە دەیهەوێت ڕێگەچارەیەک بۆ هاوردەکردنی خواردەمەنیی لە ئۆکراینەوە بدۆزێتەوە و وڵاتانی جیهان لە قەیرانی خواردەمەنی ڕزگار بکا.
کۆنفرانسی بێرلین لەژێر ناوی” دانیشتنی ئەمنییەتی خواردەمەنیی جیهان” پێش لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی بەرپرسانی وڵاتانی ناسراو بە گرووپی ٧ لە بایێرن بەڕێوەچوو و بڕیارە ڕێبەرانی ٤٠ وڵات بە تایبەتیی ئەمریکا، نیجێریە، توونس و ئەندۆنێزی کە بە شێوەیەکی جیددی و مەترسیدار ڕووبەڕووی قەیرانی خواردەمەنیی بوونەتەوە لەو کۆنفرانسەدا بەشدار بن.
جێگەی ئاماژەیە کە هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین و گەمارۆدانی کەناراوەکانی دەریای ڕەش لەلایەن ڕووسیەوە بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی خۆراک و خواردەمەنی و هەروەها هەڵکشانی هەڵاوسانی جیهانی.