حاجی جەلیل ڕەسووڵپوور ناسراو بە جەلیل سەربەخۆ خەڵکی گەڕەکی سەیدابادی شنۆ کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ، جەلیلی مام ڕەحمان، ناسراو بە حاجی جەلیل سەربەخۆ لە تەمەنی ٨٩ ساڵی دا لە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد. حاجی جەلیل کە سالانێکی زۆر لە ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی لە گوندی خاڵتاوێی ناوچەی شنۆ بەڕێ کردبوو، مرۆڤێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو. لە دوای دەستپێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستان لە زستانی ١٣٥٧، کاک جەلیل لە ڕیزی ئەندامانی حیزبی دیموکرات لە ناوچەی شنۆدا، ناونووسیی کرد و بوو بە هاوکار وپشتیوانێکی بە نرخ بۆ کۆمیتەی حیزب لە ناوچەی حەسەننوورانو شارستانی شنۆ. کاک جەلیل لە کۆبوونەوەو کۆنفرانسە تەشکیلاتییەکانی ناوچەی حەسەننوورانو کۆمیتەی شار و شارستانی شنۆ، بە عەلاقەوە بەشدار بوو. هاندەری لاوەکان بوو بۆ نیشتمانپەروەریو خزمەتی نەتەوەکەیان. دوای لەشکرکێشیی کۆماری ئیسلامی بۆ ناوچەی شنۆ و داگیرکرانەوەی ئەو ناوچەیە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیم، کاک جەلیل هاوکاریی خۆی لە گەڵ کادرەکان و پێشمەرگەکانی حیزب درێژە پێ دا. بە هۆی خۆشناوی و دڵسۆزبوونی، جەلیل سەربەخۆ وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەر، لەلایەن خەڵکی ناوچەوە، ڕێزی زۆری لێ دەنرا و بۆ زۆر لە کێشە و پرسە کۆمەڵایەتییەکان، پرسیان پێ دەکرد و داوای هاوکارییان لێ دەکرد.
حاجی جەلیل لەم چەند دەیەی دواییدا لە ژێر گوشاری بەکرێگیراوان و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، ناچار بوو خاڵتاوێ بە جێ بێڵێ لە و شاری شنۆ بگیرسێتەوە. سەرەڕای پیری و بە ساڵداچوویی، لە بەدواداچوونی هەواڵی تێکۆشانی حیزبی دیموکرات و پەیمان نوێکردنەوە لە گەڵ تێکۆشەرانی دێرینی حیزب لە هەر دەرفەتێک دا غافڵ نەبوو. ئەو بە ئاواتی ئەو ڕۆژە بوو کە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بندەستی ڕزگاری بێ و جارێکی دیکە خۆری ئازادی، نیشتمانەکەی ڕووناک بکاتەوە.
حیزبی دیموکراتی کوردستان وەفا و دڵسۆزی و خۆشەویستیی ئەو مرۆڤە بەڕێزە بۆ حیزبەکەی و نەتەوەکەی، هیچ کات فەرامۆش ناکاو بە ڕێزەوە یادی دەکاتەوە. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی حاجی جەلیل ڕەسوولپوور بە گەرمی سەرەخۆشی لە بنەمالەی ڕەحمەتی و هەموو کەسوکار و خزمان و خەڵکی دڵسۆزی ناوچەی شنۆ دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.