جێگری پەروەردەی دواناوەندیی وەزارەتی پەروردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران وتی: وانە وتنەوەی مامۆستایانی پیاو لە قوتابخانە دواناوەندییە کچانەکانی ئێران قەدەغەیە.
محەممەد مەهدی کازمی، جێگری پەروەردەی دواناوەندی وەزارەتی پەروردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرەڕای ئاماژە بە بڕیارنامەی وەزارەتی پەروردەی ڕێژیم سەبارەت بە قەدەغەبوونی وانە وتنەوەی مامۆستایانی پیاو لە قوتابخانە کچانەکانی ئێراندا وتی: بەپێی ئەو بڕیارنامەیەی کە لە ٢٨ی جۆزەردانی ئەمساڵدا ڕاگەیێندراوە، وانەوتنەوەی مامۆستایانی پیاو لە قوتابخانە دواناوندییە کچانەکانی ئێران قەدەغەیە و نابێ بەهیچ شێوەیەک پیاوان لە قوتابخانەی کچانە وانە بڵێنەوە.
ناوبراو بەئاماژە بە جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە قوتابخانەکانی ئێراندا وتی: بڕیارنامەکەمان بۆ هەموو پارێزگاکانی ئێران ناردووە و ڕامانگەیاندووە کە، مامۆستای ڕەگەزی جیاواز بە تایبەتی مامۆستای پیاو ناتوانێ لە قوتابخانە دواناوەندییە کچانەکان وانە بڵێتەوە و دەبێ بە خێراترین کات ئەو بڕیارنامەیە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ئەگەری سەرپێچی کردن لەو بڕیار کەسی سەرپێچی کار ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.