سێ کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی “جوانڕۆ”، “ڕوانسەر” و “سەقز” لە سنوورەکانی هەنگەژاڵ و نەوسوود بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم بریندار کران.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “سیروان ئەحمەدی” خەڵکی ڕوانسەر لە سنووری “نەوسوود” و “کەیوان ئەمانی” خەڵکی گوندی “حاجی مەمدان” سەر بە شاری سەقز لەکاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوون.
هەروەها کۆڵبەرێکی مێرمنداڵ بە ناوی “سوهەیب قەیتووڵی” تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ لەکاتی کۆڵبەری بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە بەرزایی بەردەبێتەوە و لووتی دەشکێ و چاوی چەپی بە سەختی بریندار دەبێ.