ئێستراون ئێستیڤێن، لە بابەتێکدا کە لە ماڵپەڕی” ئێسکاتس مەن” بڵاوبۆتەوە نووسیوویە کە سپای پاسداران لە جۆری ئیسلامگەرایانەی گێشتاپۆ، پۆلیسی شاراوەی نازییەکانی ئاڵمانە و بۆ پەڕەپێدان بە سیاسەتی توندوتیژی و تێرۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دامەزراوە.
ئێستراون ئێستیڤێن، شڕۆڤەکاری سیاسیی و نوێنەری پێشووی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی هەینی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە بابەتێکدا لەژێر ناوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران نووسی: خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدامەزراندنی سپا، کۆپی لە گێشتاپۆ، (پۆلیسی شاراوە و تۆقێنەری نازییەکانی ئاڵمان)، بەمەبەستی پەرپێدان بە تێرۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، هەڵگرتەوە و ئەو سپایە پێکهێناوە و لە ئێستادا ئەو ڕێژیمە ئیسلامگەرایە بۆتە هۆی ڕەق و بێزاری ٨٠ میلیۆن کەسی ئێرانی کە لە ڕێگەی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە سەرکوت و تێرۆر دەکرێن.
ناوبراو هەروەها دەڵێ: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە تا ئێستاش ڕێژیمی ئێران و دەسەڵاتە سەرەڕۆکەی بەردەوامە لە سەرکوت، ئازار و ئەشکەنجە و تێرۆری نەیارەکانی لەنێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی، سپای تێرۆریستی پاسدارانە و بە هەڵوەشاندنەوە و لە نێوچوونی ئەو سپایە ڕێژیمی ئێرانیش زۆر دەوام ناهێنێ و دەڕووخێ.
ئێستیڤێن هەروەها لە بابەتەکەیدا بەئاماژە بە ترسەکانی خامنەیی لە ڕووخانی ڕێژیمە کۆنەپەرەستەکەی نووسیوویە: خامنەیی زۆر بە باشیی دەزانێ کە سپای تێرۆریستی پاسداران خەریکە لەنێو دەچێ و لەو بابەتە زۆر دەترسێ، ئێستا تەنیا تێپەڕبوونی کاتە کە دیاری دەکا کەی و چۆن سپای پاسداران کۆتایی پێدێت.