ئاوی ڕووباری “دز” لە پاڕیزگای خووزستان بە تەواوەتی وشک بووە و زیاتر لە ٥٠٠ گوندی ئەو پارێزگایە ئاوی خواردنەوەیان نییە.
بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسان و نەبووونی بەڕێوەبەریی درووست و بەجێ لە بەشی ئاودا، ئاوی ڕووباری “دز” لە پارێزگای خووزستان بۆ یەکەمجار بە تەواوی وشک بووە.
فاتمە کەرەمۆڵا، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژینگەی “ڕەمانە” لەو پێوەندییەدا وتی:” ئەو ڕووبارە لە گوندەکانی بەشی شەعیبیە بەهۆی دروست بەڕێوەنەبردن و ناکارامەیی بەرپرسان حەفتەیەکە تەواو وشک بووە و ئەوەش خەسارێکی زۆر بە کشتوکاڵ و دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەگەیەنێ”.
بەوتەی بەشێک لە وەرزێڕانی ئەو ناوچەیە ” ئیدارەی ئاو و کارەبای” ئەو پارێزگایە بە ئەنقەست ئەو کارە دکەن و بەهۆی وشکبوونی ئاوی ئەو ڕووبارە سەدان جۆر ماسی و بوونەوەری ئاوی لەنێوچوون.
جێی ئاماژەیە کە بەهۆی گواستنەوەی ئاوی خووزستان بۆ شارە فارسنشینەکانی ئێران، ئەو پارێزگایە بۆتە یەکێک لە پارێزگا بێئاوەکانی ئێران و زیاتر لە ٥٠٠ گوندی ئەو پارێزگایە ئاوی خواردنەوەیان نییە و تا ئێستا بە دەیان جار خەڵک لە هەمبەر ڕاگواستنی ئاوی ئەو پارێزگایە بۆ ناوەند، ڕژاونە سەر شەقامەکان و نارەزایەتییان دەربڕیوە کە ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە هەموو جارێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە سەرکوت و دەسبەسەرکردن وڵام دراوەتەوە.