هه‌رکات چاو به‌مێژووی جووڵانه‌وه‌ی گه‌لانی دیکه‌ی ئه‌و جیهانه‌دا ده‌خشێنین و له ژیانی خه‌باتکارانیان ورد ده‌بینه‌وه، چاومان به زۆر ئه‌ستێره‌ی گه‌شه‌داری ئاسمانی بێ‌کۆتایی فیداکارانیان ده‌که‌وێ. بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌وان چۆن له‌پێناو ئازادیی گه‌له‌که‌یاندا گیانیان به‌خشیوه و وه‌ک مۆم بۆ گه‌له‌که‌یان داگیرساون و به به‌خشینی گیانیان ڕووناکییان به ڕێگای خه‌بات و تێکۆشان به‌خشیوه.
مێژووی خوێناویی کوردیش زۆر شۆڕه‌سواری مه‌یدانی خه‌باتی به خۆیه‌وه دیتوه که مایه‌ی هیوا و سه‌ربه‌رزی بۆ نەسلەکانی داهاتووی ئه‌م نیشتمانە و ئەو گۆی زه‌وییه‌ن. ئه‌م ڕۆژه‌ش دادێ که وێنه و کرداریان هه‌وێنی ئایدیای داتاشینی قه‌ڵافه‌تی په‌یکه‌ره‌ی گۆڕەپانەکانی شار بێ و نه‌خش و نیگاری سه‌رسینگ و به‌رۆکی لاوانی داهاتووی وڵات برازێننه‌وه. یه‌کێک له‌و قاره‌مانانه که گیانی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌خشی و لە گۆشەی “هەگبەی شاخ و شۆڕش”ی ئەمجارەدا یادی دەکەینەوە شه‌هید “برایم ساڵه‌موقه‌ده‌م” له ناوچه‌ی مه‌هاباده.
ساڵی ١٣٣٢ له‌و سه‌روبه‌نده که دیکتاتۆری به‌ره‌به‌ره باڵی به‌سه‌ر وڵات‌دا ده‌کێشا و حکوومه‌تی دوکتور مهسهدیق ڕووخابوو، کۆرپه‌یه‌کی خوێن شیرین له بنه‌ماڵه‌یه‌کی کوردپه‌روه‌ر له‌شاری مه‌هه‌باد چاوه‌گه‌شه‌کانی به ڕووی دنیادا کرده‌وه و ناوی “برایم”یان لێنا. برایم بەوەخت نێردرایە قوتابخانه و لەبەر ئەوەی قوتابییەکی زیرەک بوو، توانیی هه‌موو پۆله‌کانی خویندن به سه‌رکه‌وتووی ببڕێ و بڕوانامەی دیپلۆم وه‌ربگرێت. ئەو وێڕای خوێندن له كاتی بێكارییشدا له یاریده‌دان و هاوكاریی بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌رێخی نه‌ده‌كرد و شان به شانی ئه‌وان كاری ده‌ركرد. پاشان ڕه‌وانه‌ی خزمەتی ئیجباریی سه‌ربازی کرا و به هۆی وشیاری له کاری خۆیدا وه‌ک ئیستوارێک له ئه‌رته‌شدا ئەرکی پێ سپێردرا.
له ته‌مه‌نی ٢٥ ساڵیدا بوو كه شۆڕشی گه‌لانی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایه‌تی سه‌ركه‌وت. ڕێژیمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو له‌شكری جه‌هل و نه‌زانیی به كوردستان وهركرد و شه‌ڕێكی نه‌خوازراویان به‌سه‌ر كورددا سه‌پاند. ڕووداوه‌كانی ساڵی ٥٨، شه‌ڕی سێ مانگه، كوشتاری زه‌حمه‌تكێشان و وێرانكردنی شار و گونده‌كانی كوردستان برایم ساڵهموقهدهمیان ڕاپه‌ڕاند. پاش ئه‌وه‌ی خومه‌ینی دڵڕه‌ش و کۆنه‌په‌رست فه‌رمانی جیهادی دژی خه‌ڵكی كوردستان ده‌ركرد، کۆمه‌ڵێک ئه‌فسه‌ر و ده‌ره‌جه‌داری به‌هه‌ست و به‌ئه‌مه‌گ و شۆڕشگێڕ ڕوویان له حیزبی دێموکرات کرد کە برایم ساڵەموقەدەم یەکێک لەوانە بوو.
برایم كوڕێكی ڕوح‌سووك و پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌ئیمان بوو. هەر ئەرک و بەرپرسایەتییەکی پێ درابا، وەک چۆن له زۆربه‌ی نیزیك به ته‌واوی مه‌ئموورییه‌ته‌كان و شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی مه‌هاباد به‌شداریی چالاكانه‌ی كردبوو، به‌وپه‌ڕی نیازپاكی ئه‌نجامی ده‌دان. ئەو هێز و توانایی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی له ته‌شكیلات و ئوسوولیبوونی سیاسه‌ته‌كانی حیزب‌دا ده‌دی. لاوێكی ڕەوشتبهرز بوو. زۆر زوو توانیی جێگای خۆی له ڕیزی هاوسهنگهرانیدا بكاته‌وه. برایم به‌هۆی خۆشه‌ویستی و کاری جوان و تیکۆشانی بێ‌وچان وه‌ک نوینه‌ری کۆنگره‌ی ٤ هه‌ڵبژێردرا. دوای ته‌واوبوونی کاروباری کۆنگره‌ی چوار، له به‌هاری سالی ١٣٥٩ مه‌ئموورییه‌ت به پێشمه‌رگه‌کانی لکی ٣ی هێزی پیشه‌وا درا بۆ ناوچه‌کانی پاوه وکامیاران و سنه. بەمجۆرە برایم له زۆر شه‌ڕی قاره‌مانانه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا به‌شداری کرد و له شه‌ڕی ٢٤ ڕۆژه‌ی سنەدا فیداکاریی زۆری له‌خۆی نیشان دا.
قاره‌مانه‌تییه‌کانی برایم وه‌ك لاپه‌ڕه‌یه‌كی زێڕین له كارنامه‌ی پێشمه‌رگه‌ی دێموكرات‌دا جێی خۆی كرده‌وه و ئەوی گه‌یانده پلەی جێگریی لک و پاشان وه‌ک فه‌رمانده‌ری لك له هێزی پێشه‌وا کاری پێئەسپێردرا. له‌و بەرپرسایەتییەدا هه‌موو وزه و توانایی و پسپۆڕی خۆی به‌كار هێنا و هه‌وڵی دا به یارمه‌تیی فه‌رمانده‌رانی دیكه و به لێوه‌شاوه‌یی خۆی لکه‌که‌ی وه‌ک نمونه بناسێنێ. ئه‌مجار به هه‌ستپێكردن به مهسئوولییهتێكی زۆرتره‌وه كاره‌كانی جێبه‌جێ ده‌كرد و خۆی زیاتر له پێشوو ماندوو ده‌كرد. ئه‌و كه باوه‌ڕێكی زۆر قووڵی به ڕێبازی حیزبه‌كه‌ی هه‌بوو، عاشق و ئه‌وینداری حیزبه‌كه‌ی بوو، ئه‌وه‌ی له هه‌ڵسوكه‌وت و خوو و ڕه‌وشت و ڕه‌فتاریدا له‌گه‌ڵ خه‌ڵك به‌باشی ده‌رده‌كه‌وت. له به‌ره‌نگاری و به‌رگریدا له شه‌ڕه‌کانی نێوشاری مه‌هاباد، جاده‌ی مه‌هاباد-ورمێ، مه‌هاباد-په‌سوێ، شاروێران، گرتنی پادگانی پیرانشار، شه‌ڕی خهڵیفهڵیان، شه‌ڕه‌کانی داشکستاندا زۆر لێهاتوو هاته‌ده‌ر. برایم به‌ڕاستی پێشمه‌رگه‌یه‌كی بوێر، ئازا و قاره‌مان، پارتیزانێكی ههڵسووڕو كوڕی ڕۆژی ته‌نگانه بوو.
ناوی برایم ساڵه‌موقه‌ده‌م وێردی سه‌ر زمانی خه‌ڵك بوو. ئەو به كرده‌وه سه‌لماندی كه له‌پێناوی دیفاع له نه‌ته‌وه‌كه‌یدا له‌هیچ چه‌شنه فیداكارییه‌ك درێغی ناكا. له مه‌یدانی شه‌ڕ له بهرهوڕوبوون له‌گه‌ڵ دوژمن‌دا نه جارێك به‌ڵكوو به ده‌یان جار ئه‌م ڕاستییه‌ی سه‌لماند كه كوڕێكی ئازا و نه‌ترسه. پێشمه‌رگه‌یه‌كی سادق و شۆڕشگێره و له‌پێناوی سیاسه‌ته‌كانی حیزب‌دا ئاماده‌یه گیانی به‌خت بكا.
رۆژی ١٣ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣٥٩ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی به‌هێزیکی زۆره‌وه په‌لاماری گوندی “ئیندرقاش” لە ناوچەی مەهابادی دا. هێزەکانی ڕێژیم خه‌ڵکی ئاواییان له مزگه‌وتدا کۆ کردەوە و لە جینایەتێکی سامناک‌دا نزیک به ٤٠ که‌س له خه‌ڵکی بێتاوانی ئەو ئاواییەیان کۆمەڵکوژ کرد. کاتێک کوڕانی دێموکرات به‌و هه‌واڵه‌یان زانی له دوژمنی داخله‌دڵ ڕاپه‌رین. پاش شەڕێکی قارەمانانە به سه‌دان جه‌نده‌کی هێزی کۆنه‌په‌رستی له مه‌یدانی شه‌ردا به‌جێ ما. پێشمه‌رگه کارێکیان به هێزی داگیرکه‌ر کرد که ئێستاش تاڵه‌واری مه‌رگ گه‌روویان ڕێک ده‌گوشێ. به‌ڵام هه‌روه‌ك مێژوو بۆمان ده‌گێڕێته‌وه، قوربانیی هه‌ر ده‌ستكه‌وتێك و سه‌ركه‌وتنێكی ئه‌وتۆی مه‌زن خوێنی گه‌ش و گیانی شیرینه. به‌داخه‌وه خوێن‌بایی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش گیانی برایمی ساڵەموقەدەم بوو.
دوای شەهیدبوونی شه‌هید برایم، برایەکی به ناوی عه‌لی ساڵه‌موقه‌ده‌م چه‌کی برا تیکۆشهرهکهی ده‌ست دایه‌وه، کە بەداخەوە ئه‌ویش پاش ساڵ و نیوێک گیانی بەرزی کردە بەختی بارەگای ڕزگاریی نەتەوەکەی.