کۆڵبەرێک خەڵکی بانە بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم لە سنووری ئەو شارە بریندار کرا و تەرمی کۆڵبەرێکی ون بووی خەڵکی ورمێ لە باکووری کوردستان دۆزرایەوە.
کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی “کەماڵ عوسمانی” تەمەن ٢٩ ساڵ ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری “هەنگەژاڵی” بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار کرا.
کەماڵ عوسمانی بە چەکی تاپڕی ساچمەیی و لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەی لێکراوە و ١٨ پارچە ساچمە بەر جەستەی کەوتووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ بنکە تەندروستییەکانی شاری بانە گوازراوەتەوە.
هەروەها تەرمی “ئەسعەد سەیدانی فەرد” کۆڵبەری خەڵکی گوندی باوان سەر بە شاری ورمێ دوای ١٥٨ ڕۆژ، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردان لە بەرزاییەکانی گوندی “گەڵیشم”ی “باکووری کوردستان” دۆزرایەوە.
شایانی باسە کە ئەم کۆڵبەرە کوردە هاوکات لەگەڵ دوو کۆڵبەری دیکە لە کاتی چوون بۆ کۆڵبەری بێ سەر و شوێن بوون .