سەرۆککۆماری ئەمریکا بە پێشنیارکردنی گەڵاڵەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەیهەوێت هاوپەیمانەکانی لەو ناوچەیە بەهێز بکا و ڕێژیمی ئێران بەتەواوەتی کۆنترۆڵ بکا.
جەو بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا، کە بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکا، ڕۆژی یەكشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە پرێس کۆنفرانسێکدا وتی: مەبەست لە سەردانەکەی بۆ عەرەبستان تەنیا چارەسەرکردنی کێشەی وزەی ئەمریکا نییە و بەڵکوو دەیهەوێ کە پێوەندییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان بەهێزتر بکا و ڕێژیمی ئێران بە تەواوەتی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا زۆربەی دیپلۆماتەکان و کەسایەتییەکانی نزیک لە بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە وتووێژگەلێکی جیاوازدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبیە ڕایانگەیاندووە کە سەفەری سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ عەرەبستان و چاوپێکەوتن لەگەڵ مەلێک سەلمان، پاشای عەرەبستان و محەممەد بن سەلمان، جێگری پاشای عەرەبستان، هەروەها کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ ڕێبەرانی شۆرای هاوکاریی وڵاتانی عەرەبیی و هەروەها سەفەری پێشتری سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، هەمووی نیشانەی گەڵاڵەی بایدنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر ناونیشانی بەهێزکردنی پێوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا و کۆنترۆڵکردنی ڕێژیمی ئێران.
جێگەی ئاماژەیە کە پاش ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەندا هیچ گەرەنتییەکی پاراستنی گیانی سەربازان ودیپلۆماتەکانی ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەکرد، دەوڵەتی بایدن، پێداچوونەوەیەکی بەربڵاوی بە سیاسەتە ناوچەییەکانی خۆیدا لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران کردووە و دەیهەوێت لە رێگەی بەهێزکردنی پێوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوەتی ڕێژیمی ئێران کۆنترۆڵ بکا.