لەدرێژەی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئیسرائیلی بەدژی ڕێژیمی ئێران، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ: ئەگەر ڕێژیمی ئێران هاوڵاتیانی ئیسرائیلی لە تورکیە بکاتە ئامانج دەبێ باجێکی قورس بدا.
نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی کابینەکەیدا سەرەڕای هۆشدار بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وتی: ئەگەر هەر کەس و وڵاتێک تێرۆریست بنێرێ بۆ ئیسرائیلییەکان، ئەوە دەبێ باجێکی قورس بدا و ئیسرائیل بەهیچ جۆرێک ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادا کە هاوڵاتیان و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل ڕووبەڕووی مەترسی بکاتەوە.
نەفتالی بێنێت، بەئاماژە بە پیلانە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران بەدژی هاوڵاتییانی ئیسرائیلی لە تورکیە وتی: دەزگای زانیارییەکانی ئێمە هەمووهەوڵێک دەدەن کە پیلانە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران پووچەڵ بکەنەوە، بەڵام دەبێ هاووڵاتیانی ئێمە ئاگادار بن کە لەلایەن ڕێژیمی تێرۆریستی ئێرانەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکی جیددی دەبنەوە و دەبێ زۆر خۆیان بپارێزن.
جێگەی ئاماژەیە کە بەرپرسانی ئیسرائیلی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو داوایان لە هاووڵاتییانی خۆیان لە تورکیە کردووە کە بە خێراترین کات تورکیە بەجێبهێڵن و بەهیچ جۆرێک سەفەر بۆ تورکیە نەکەن.