كاوە سۆهرابزادە، برای ئەفشین سۆهرابزادە بەندكراوی سیاسیی كوردی تووشبوو بە نەخۆشیی شێرپەنجە، که خه‌ریکی به‌دواداچوون بۆ ره‌وتی چاره‌سه‌رو دەرمانی براكەی له زینداندا بوو، لە لایەن مەئموورهکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه‌وه دەسبەسەر كرا.
ڕۆژی شەممە، ١٨ی بانەمەڕی مەئموورهکانی سپای پاسداران لە كرماشان، كاوە سۆهرابزادەیان لە كاتی هاتنەدەرەوە لە ماڵی بەبێ حوكمی قەزایی دەسبەسەرو بۆ ئیتلاعاتی سپایان گواستۆته‌وه.
یەكێك لە خزم‌و نزیكهکانی بنەماڵەی سۆهرابزادە له‌گه‌ڵ پشتڕاستكردنەوەی ئەم هەواڵە گوتی مەئموورهکانی ئیداره‌ی ئیتلاعات لە كاتی دەسبەسەركرانیدا لەبارەی هۆكاری بەدواداچوونی نه‌خۆشیی براكەی كە بۆ زیندانی میناب دوور خراوەتەوە پرسیاریان لێ كردوە.
لە لایەكی دیكەوە، دایكی كاوەو ئەفشین چۆته ئیتلاعاتی سپا، به‌ڵام له‌وێ بە ناوبراویان گوتوه كە بۆچی بۆ ڕاگەیەنەكانی دژبه‌ری كۆماری ئیسلامی‌دا باستان لە نەخۆشیی ئەفشین كردوە؟ ئەویش لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا گوتوویه‌تی که ئێوە بۆچی ناهێڵن نه‌خۆشیی شێرپەنجەی كوڕەكەمان چارەسەر بكەین؟
ئەفشین سۆهرابزادە، تەمەن٢٥ ساڵ ڕۆژی ١٨ی جۆزەردانی ساڵی ٨٨ دەسبەسەرو لە دادگایەكی دوو ده‌قه‌ییدا بە تۆمەتی هاوكاریكردنی حیزبە كوردییەكان حوكمی ٣٥ ساڵ زیندان‌و دوورخرانه‌وه‌ی بەسەردا سەپاو لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە حوكمەكەی پشتڕاست كرایەوە.
ئەم بەندكراوە سیاسییە به دەست نەخۆشییەكانی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە، تهنگهنهفهسیو خوێنبه‌ربوونی هه‌ناو دەناڵێنێو سەرەڕای ئه‌وه‌ی بارودۆخی زۆر خراپه، به‌ڵام كاربەدەستانی قەزایی‌و بەندیخانه‌ی میناب رێگرییان لە ناردنی بۆ نەخۆشخانەیهک له دەرەوەی زیندان کردوه.