دادستانو كاربەدەستانی زیندانی كرماشان بۆ جارێكی دیكەش لە پیدانی زانیاری لهسهر بهندکرانی سەیوان ڕەحیمی، چالاكی سیاسیی كورد لە زیندانی ناوەندیی كرماشاندا خۆیان بوارد.
بنەماڵەی سەیوان ڕەحیمی تا ئیستا چەند جار بەمەبەستی بینینو ئاگاداربوون له ڕهوشی ڕۆڵهکهیان سەردانی بەندیخانەو ناوەندەكانی قەزایی كرماشانیان كردوە، بەڵام هەموو جارێكی پێیان گوتون كە ناوبراو لای ئهوان زیندانی نەكراوەو تەنانەت بێڕێزیشیان پێكردوون.
بەندكراوێك لهو زیندانه كە ماوەیەك لەوەپێش ئازادكراوه، بنەماڵەی سەیوانی ئاگادار کردۆتهوه كە كوڕەكەیان لەم بەندیخانەیەیە، بهڵام مافی پێوەندیی تەلەفوونی، ملاقاتو تەنانەت ئیزنی قسە لەگەڵ زیندانییەكانی دیكەشی لی زهوت کراوه.
لە لایەكی دیكەوە، دایكو باوكی سەیوان ڕەحیمی بە هۆی پیریو بارودۆخی نالەباری ماڵی توانای بهدواداچوونی ئەوتۆیان نییەو هەموو جارێ که سەردانی دادستانی كرماشانیان کردوه، لهوێ وهدهریان ناونو بیڕێزییان پێکردوون.
ئەم دایكو باوكە پیرە چاوەڕوانیان لە رێکخراوهو ناوهندهکانی مافی مرۆڤ ئەوەیە كە بۆ ڕوونبوونەوەی چارەنووسی كوڕەكەیان هەوڵێك بدەن.
لە بەفرانباری ساڵی ٩٤ پاش ١٩ مانگ ناڕوونیی چارەنووسی سەیوان ڕەحیمی وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی بە ڕەسمی بهو بنهماڵهیهی ڕایگەیاند كە کوڕهکهیان دەسبەسەر كراوەو قازیی پەروەندەكەش بە بنەماڵەکهی گوتبوو كە دەتوانن لە زیندانی كرماشان چاویان بە كوڕەكەیان بكەوێ.
سەیوان ڕەحیمی تهمهن ٢٥ ساڵ ڕۆژی ١١ جۆزەردانی ساڵی ٩٣ لە ناوچەی سنووریی پارێزگای كرماشان لە كەمینو تێكهەڵچوونێكدا لەلایەن هێزەكانی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانهوه به برینداری دەسبەسەر کرا.
ئهو پێشتریش لە ڕۆژی١٨ خاكەلێوەی ساڵی ٨٨ لە ئاوایی نگڵ، سەربە شاری سنە بە تۆمەتی هەوڵدانی دژی ئەمنیەتی میللیو پاش ڕاگرتنی یەك مانگ لە زیندانی ئینفرادیی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە. لقی یەكی دادگای شاری سنە بە سەرۆكایەتیی قازی بابایی حوكمی ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندو پاش ناڕەزایەتی دەربڕین حوکمهکهی لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ 2 ساڵ داشكا.